دووەمین دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ساز دەکرێت

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

لە درێژەی چالاکییە ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکاندا، ناوەندی کەشکۆڵ بۆ هونەر و کولتوور لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، دووەمین دیداری کوردناسی لە شاری سلێمانی رێکدەخات.


بەپێی راگەیەندراوی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، ئەم رووداوە گرنگە زانستی و کولتوورییە کۆمەڵێک لە کەسایەتییە دیارەکان، توێژەران، ئەکادیمیستەکان و پسپۆڕانی بواری کوردناسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کۆدەکاتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و خستنەڕووی توێژینەوە و دیدگای نوێ لەسەر بوارەکانی مێژوو، زمان، ئەدەب، هونەر و کولتووری کوردی.

دیدارەکە دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ ناساندنی دوایین دەستکەوت و توێژینەوەکانی بواری کوردناسی و فراوانکردنی گفتوگۆی زانستی لە کۆمەڵگەدا.

بەگوێرەی کارنامەی راگەیەندراو، دیدارەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە بەرواری 11 و 12ی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 6ی ئێوارە لە هۆڵەکانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.


PM:05:23:09/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت