ئەمڕۆ 18ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەستپێدەکات

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، لەژێر چاودێریی مەسعود بارزانی و بە دروشمی "من کوردستانیم"، دەرگای 18ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیبان، نووسەران، رۆشنبیران و دیپلۆماتکاران واڵا دەکرێت، کە چالاکییەکانی تا 31ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.


لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی ئەم خولە، نەوزاد سابیر بەڕێوەبەری کارگێڕیی دەزگای مەدا روونیکردەوە، بەهۆی راوەستانی هێڵە ئاسمانییەکان و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هاتوونەتە ئاراوە، نەتوانرا پێشانگاکە لە کاتی ئاسایی خۆیدا کە مانگی چوار بوو سازبکرێت، هەر بۆیە بڕیاردرا لە 21ی ئەم مانگەوە دەستپێبکات و بۆ ماوەی 10 رۆژ کراوە بێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئیهاب قەیسی، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ئاماژەی بەوە کرد، پێشانگاکە لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی لەناو پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان سازدەکرێت، زیاتر لە 400 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتی عەرەبی و بیانییەوە تێیدا ئامادەن، هاوکات زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی جۆراوجۆر لە بوارەکانی فیکر، ئەدەب، مێژوو، زانست و فەلسەفە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، فارسی، تورکی و چەندین زمانی دیکە خراونەتە بەردەست خوێنەران.

پێشانگاکە زیاتر لە 90 چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆڕی شیعری، دیبەیت، شەوانی مۆسیقا، دانیشتنی گفتوگۆئامێز، مەراسیمی واژۆکردنی بەرهەمە نوێیەکان و پیشاندانی دیزاین و فۆتۆگرافی، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندەکانی چاپ داشکاندنی تایبەتیان بە رێژەی زیاتر لە 50% بۆ زۆربەی ناونیشانەکان دیاریکردووە تا دەرفەت بدرێتە خوێنەران بە نرخێکی گونجاو بەرهەمەکان بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە کۆڕ و سیمینارەکانیش، ئاریان سەڵاحەددین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە 4 بۆ 5 پانێڵی پسپۆڕانە بە بەشداریی بیرمەند و شارەزایانی جیهانی لە بوارەکانی وەرگێڕان، ئەدەبیات، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بەڕێوەدەچن.

ئەم خولەی پێشانگاکە لەلایەن دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن، رۆشنبیری و هونەر رێکخراوە، بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق و کۆمەڵەی بڵاوکارانی عێراق، رۆژانەش لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 8ی شەو پێشوازی لە توێژەران و سەرجەم سەردانکەران دەکات.


AM:08:59:21/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو