ئەمڕۆ جەژنی موزیک لە سلێمانی ساز دەکرێت
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە هاوکاری ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر، کۆنسێرتێکی موزیکی ساز دەکەن, لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هونەری هاوبەشدا، شاری سلێمانی میوانداریی کۆنسێرتێکی تایبەت بە جەژنی موزیک دەکات، کە تێیدا هونەرمەندانی کورد و فەرەنسی ئاوازەکانیان تێکەڵ دەکەن.
دانا کەریم، سەرۆکی زۆیا کولتوور لەبارەی گرنگیی ئەم چالاکییە بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و فەرەنسی کۆدەکاتەوە و دەرفەتێکە بۆ بینەران تا لە یەک کاتدا گوێبیستی ئاواز و پارچە موزیکییەکانی هەردوو کولتوور بن، وتیشی: "ئەم جەژنە تەنیا کۆنسێرت نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پردێکی کولتووری لەنێوان فەرەنسا و کوردستان".
سەرۆکی زۆیا کولتوور ئاماژەی بە مێژووی ئەم بۆنەیە کرد و وتی، "جەژنی موزیک لە ساڵی 1982 لە فەرەنسا دەستی پێکرد و دواتر بوو بە دیاردەیەکی جیهانی، ئامانجیش لێی گواستنەوەی موزیکە لە هۆڵە گەورەکانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و ناو ژیانی رۆژانەی خەڵک، بۆیە لە زۆربەی وڵاتان بە شێوەیەکی کراوە و بێ بەرانبەر ئەنجام دەدرێت".
دانا کەریم جەختی لەوەش کردەوە، کە لە سلێمانی بینەران ئاشنای ئاوازە فۆلکلۆری و کلاسیکییەکانی کورد دەبن لەگەڵ پارچە موزیک و گۆرانییە فەرەنسییەکان، ئامانجی سەرەکیش هاندانی گەنجان و هونەرمەندانە بۆ ناسینی رەهەندە جیاوازەکانی موزیک و خستنەڕووی تواناکانیان لە کەشێکی نێودەوڵەتیدا، راشی گەیاند، "شاری سلێمانی وەک پایتەختی کولتووری کوردستان، بەردەوام رۆڵی هەبووە لە پشتیوانیکردن لە هونەر و پەرەپێدانی گفتوگۆی کولتووری لە نێوان گەلاندا، بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە موزیکییەش بەشێکە لەو رۆڵە رۆشنبیرییەی شارەکە دەیگێڕێت".
لە کۆتاییدا وتی، "بڕیار وایە جەژنی موزیک لە "13ی حوزەیران بچێتە هەولێر، لە 15ی حوزەیران بچێتە دهۆک".
PM:02:41:11/06/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت