شێخ مستەفا قەرەداغی، گەوهەرە درەوشاوەکەی زانست
وێستگەنیوز- سۆلین عوسمان
ئەمڕۆ 17ی ئایاری 2026، 55 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەکێک لە گەورەترین
و درەوشاوەترین عەقڵە فیکری، ئایینی و زانستییەکانی مێژووی ئایین و فەلسەفەی ئیسلامی
لە کوردستاندا تێدەپەڕێت، زانا و بلیمەتی کورد، شێخ مستەفای شێخ نەجیبی قەرەداغی
(1892- 1971). زاتێک کە لە تەمەنی منداڵییەوە تا چرکەساتی ماڵئاوایی لە تەمەنی 82
ساڵیدا، ژیانی خۆی بە مەرەکب، عیلم، تەقوا و خزمەتی مرۆڤایەتی داتاشی.
ئەم مەرجەعە گەورەیەی قەرەداغ هاوکات لە پێگەیی کۆمەڵایەتیشدا
برا گەورەی بنەماڵەی مەرۆدۆخییەکان بوو، تەنیا شێخی شەریعەت و فەتوا نەبوو، بەڵکو
عەقڵێکی فرەڕەهەند بوو، لە زانستەکانی زمانەوانی، لۆجیک، فەلەکناسی، بیرکاری (جەبر)
و ئەدەبیاتدا دەستی باڵای هەبوو، گەورەیی پایەی زانستیی ئەو کاتێک پشتڕاست دەبێتەوە
کە مامۆستای ناودار مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە وەسفیدا دەفەرموێت: من دڵۆپێکم لە
دەریای عیلمی شێخ مستەفا، لەمەش زیاتر تەنانەت بە (عالم الزمان) ناوی دەهێنا.
ناوی ئەم بلیمەتە بە ئاستێک بڵاوبووەوە وەک ناسنامەیەکی
زانستیی گەورەی کورد لە ناوەندە هەرە بەناوبانگەکانی جیهانی ئیسلامیی وەک زانکۆی ئەزهەری
شەریفدا دەنگیداوەتەوە.
شێخ مستەفا لە ساڵی 1892 لە بنەماڵەی ناوداری شێخانی مەردۆخی
لە قەرەداغ لەدایکبوو, لەناو کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی باوکیدا گۆشکرا و لەژێر سایەی
مامی شێخ جەلال و باوکیدا خوێندوێتی، لە تەمەنی 16 ساڵیدا سەرجەم زانستەکانی سەردەمی
خۆی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و لە دوای وەفاتی شێخ نەجیبی باوکی لە ساڵی 1932 کە
شێخ محمدی خاڵیش شێخ نەجیبی بە (بێ هاوتایی سەردەم و فەیلەسوف سەعدی تەفتازانی
کورد) ناو دەبرد، ئیدی پاش کۆچی باوک بووە قیبلەنومای ئەهلی عیلم و عیرفان.
ئەم زاتە هەمیشە خاوەن دیدگایەکی ڕەخنەیی و هاوچەرخ بوو، ئەندامێکی
سەرەکیی لیژنەی هەڵسەنگاندنی نووسینەکانی گۆڤاری ناوداری (گەلاوێژ) بوو، ڕەزامەندی
ئەو بڕیاردەر بوو لەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەکان، هەروەها هیچ کاتێک عیلمەکەی نەکردە
قوربانیی پلە و پۆست، کاتێک لە بەغدا کرا بە قازی، تەنیا سێ مانگ قبووڵی کرد، پایەی
پایتەختی جێهێشت و گەڕایەوە ناو حوجرە و مزگەوتەکەی خۆی لە قەرەداغ، چونکە نەیدەتوانی
دوور لە خاک و خزمەتی فەقێکانیدا بژی.
کاتێک لە ساڵی 1942 بووە یەکێک لە پێنج ئەندامەکەی دەستەی
دامەزرێنەرانی کۆڕی زانیارانی کورد، بەمەبەستی بووژاندنەوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی،
ئامادەنەبوو بچووکترین سازش لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی ئەو سەردەمە بکات لەسەر حسابی
تواندنەوەی فەرهەنگ و زمانی شیرینی کوردی.
کتێبخانەکەی شێخ مستەفای قەرەداغ کە پڕ بوو لە دەستنووسی
ناوازە و دانسقە و چەندەها پەرتووکی بە نرخ، دوو جار بووە ئامانجی گڕی کینەی داگیرکەران
و هەلپەرستان (جارێک لە ساڵانی بیستەکان و جارێکی تر لە ساڵی ١٩٦٥ لەگەڵ سووتاندنی
شارۆچکەی قەرەداغدا)، لەوێدا سەرجەم ئەو زەخیرە فکرییە ناوازەیەی کورد کرانە خۆڵەمێش.
دیمەنی سووتانی کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی شێخ چیرۆکێکی زۆر
تراژیدی لێدەکەوێتەوە، کاتێک خەڵک بۆ دڵنەوایی دەچنە سەردانی، پێی دەڵێن ماڵەکەت
سووتا، ئەویش دەڵێت: ئێوە سەلامەت بن، دەڵێن: یا شێخ مزگەوتەکەشت سووتا، دیسان هەر
ئارام دەگرێت، بەڵام کاتێک پێی دەڵێن: وەڵلا قوربان مخابن بۆ ئەو کتێبخانە پڕ گەوهەرەت
لەگەڵ خۆڵ و ئاگری مزگەوتەدا بوون بە یەک، لێرەدا شێخ توانای بەرگریی نامێنێت، فرمێسک
وەک بارانی بەهار بەسەر ڕیشە سپی و ڕوخسارە نوورانییەکەیدا دێتە خوارەوە، سەرتاپای
جەستەی لاواز دەبێت و لەسەر زەوی دەکەوێت. بێگومان ئەهلی خاڵسی عیلم وەهایە، ماڵ و
دیوەخان نەیانهەژاند، بەڵام سووتانی عیلم روحی هەلا هەلا دەکات.
لەو هەموو سامانە فیکرییە، تەنیا نازناوی شیعریی ئەو جمالی
و حەوت قەسیدە، لەگەڵ دەستنووسی کتێبی ڕیسالەی حیساب کە بە زمانی کوردی لەسەر ڕیازیات
نووسیبووی لە گڕی ئاگر ڕزگاریان بوو کە ئێستا لە دار المخطوطات لە بەغدایە.
شێخ مستەفای قەرەداغ،تەنیا هەر لەناو کتێبەکانیدا نەدەژیا، بەڵکو لە هەڵوێستی نیشتمانییشدا پێشەنگ
بوو. کاتێک عەبدولسەلام عارف سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، داوای لێدەکات فتوایەک دەربکات:
ئەو کوردانەی لە شاخ دژی دەسەڵات دەجەنگن شەهید نین، شێخ بە ئازایەتییەکی بێوێنەوە
لە دەموچاوی دیکتاتۆردا دەڵێت: فتوای لەو چەشنە نە شەرع نە شەهامەت رێگەی پێنادات،
چونکە ئەو کەسانەی لە شاخەکان دەکوژرێن لە نا وڵاتی خۆیاندان، هەر کەسێکیش لەسەر
خاک و نیشتمانی خۆی بکوژرێت شەهیدە.
ئەم هەڵوێستە بووە هۆی دەرچوونی فەرمانی گرتنی، بەڵام دۆستان
و ئەشرافی شاری ئەو کاتەی سلێمانی پاراستیان
و گەیاندیانەوە ناوچەی قەرەداغ. لە پاش ئەم ئەم هەڵوێستەش نەک هەر پاشگەز نەبووەوە،
بگرە فتوای لەسەر شەرعیبوونی جەژنی نەورۆزی کوردان دا و بە توندی ڕووبەڕووی ئەو لایەن
و کەسانە بووەوە کە بەهانەی ئاینییان دەهێنایەوە بۆ دژایەتیکردنی نەورۆز.
لە ئەیلولی 1963دا، لە دوای وێرانبوونی قەرەداغ، شێخ بەناچاری
ڕووی کردە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی شێخ عەبدولڕەحمانی عازەبان نیشتەجێ بوو. لەوێشدا
تا کۆتایی تەمەنی درێژەی بە وانەوتنەوە و پێگەیاندنی دەیان زانا و کەسایەتی گەورەی
مەلایانی ناوچەکە دا.
لە 17ی ئایاری 1971 ئەم ئەستێرە گەشەی ئاسمانی فیکری و ئایینی
کوردی ئاوا بوو، شێخ مستەفا کایەی فانی جێهێشت، بەڵام وەک هەمیشە گەوهەرێکە کە لە ڕابردوو،
لەئێستا و داهاتووشدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە، یاد و ناوی هەمیشە لە دڵی نیشتماندا
زیندوو بێت.
AM:08:23:17/05/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت