دوو هاوسەر بۆ ساڵی دووەم دیداری کورتە فیلمی کوردی لە وڵاتی نەرویج رێکدەخەن
وێستگەنیوز-
بۆ ساڵی دووەم لە شاری بیرگن لە وڵاتی نەرویج دیداری کورتە فیلمی کوردی رۆژی شەممە 29ی تشرینی دووەمی 2025 کاتژمێر 6:00ی ئێوارە، لە هۆڵی (international Kultur senter) نمایش دەکرێت، کارەکە بە هاوبەشی نێوان گروپی هونەری کوردی و (international kultur senter) و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بەشی هونەری سینەما دەکرێت.
ڤیان نەوشیروان، سەرپەرشتیاری دیدارەکە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەمە دووەم ساڵە ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین و من و هاوسەرەکەم رێکخەری دیدارەکەین، ئەمساڵیش لە دیدارەکە شەش کورتە فیلمی کوردی نمایشدەکرێن مەرجەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم فیلمانە ئەوەبووە کە بە زمانی کوردی بێت و هەر فیلمێک لە 30 خولەک زیاتر نەبێت و ژێرنووسی ئینگلیزی بێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە دیدارەکەدا هیچ خەڵاتێکمان نییە، چونکە ئێمە هیچ سپۆنسەرێکمان نییە، هیوادارین بتوانین بیکەین بە فێستیڤاڵ لە ساڵەکانی داهاتوودا".
وەک ڤیان نەوشیروان وتی ئامانجیان لەم دیدارە پاراستنی کلتووری نەتەوەی کورد و ناساندنی سینەما و توانای گەنجەکانمانە بە کەسانی دەرەوەی وڵات.
ڤیان نەوشیروان سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی بەشی هونەری سینەما کرد کە هاوکاریان بوون، هەروەها سوپاسی تایبەتی هەریەک لە کامەران نوری گوڵاڵە و رێبوار هەورامی و شڤان مستەفا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دیدارەکەی کرد .
ئەو شەش کورتە فیلمە کوردییەی لە دیدارەکە نمایشدەکرێت:
- ماڵ و کلیلی، لە دەرهێنانی شوان عەتوف.
- ژووری 217، لە دەرهێنانی سروشتی عەبەرەش.
- سەرۆک، لە دەرهێنانی رزگار حسێن کە بەشێوە زاری بادینییە.
- زەوی ونبووان، لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد.
- پێکەنین و بیرچوونەوە، لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد.
- سپی وەک سوور، لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفور.
PM:09:38:28/11/2025
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت