‌زیرەکی دەستکرد تا ساڵی 2030 کۆمەڵێک ترلیۆنێر دروست دەکات


ئێستا لە ساڵی 2025 پتر لە 3000 کەسی بلیۆنێر هەیە لە هەموو جیهان، پتر لە 1000 لەوانە لە ئەمەریکان نزیکەی 500 کەسیشیان لە چین و نزیکەی 200 لە هیندستان، تا ئێستا لە جیهان کەس ترلیۆنێر نیە بەڵام بەهۆی ئەو تەقینەوەیە و ئەو گەشە خێرایەی کە لە زیرەکی دەستکرددا ڕوودەدات و بەڕێوەیە بەخێرایی هەموو کونج و بستێکی ژیانمان داگیر دەکات بۆیە تا ساڵی 2030 کۆمەڵێک کەسی ترلیۆنێر دروست دەبن لە جیهان.


ترلیۆنێر ئەو کەسەیە بڕی هەموو پارە و سامانەکەی بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار یان زیاتر، واتە هەزار ملیار دۆلار یان زیاتر، کاندید بۆ ئەو ترلیۆنێرانەش ئەو کەسانە دەبن کە ئێستا سەرۆکایەتی و خاوەنداریەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەن لەوانە Sam.Altman کە سەرۆکی کۆمپانیای OpenAI یە، Elon.Musk کە سەرۆکی کۆمپانیای Tesla یە و خاوەنی SpaceX و X و xAI یە، Mark.Zuckerberg کە سەرۆکی کۆمپانیای مێتایە، Jensen.Huang کە سەرۆکی کۆمپانیای nVidia یە. 

ئێستا ئیلۆن مەسک خەریکی دروستکردنی داتا سێنتەرێکی زیرەکی دەستکردی زۆر زەبەلاحە لە شاری Memphis لە ئەمەریکا کە لە پتر لە یەک ملیۆن GPU ی جۆری H100 و H200 ی nVidia پێک دێت، بۆ بەراورد پلاتفۆرمی زیرەکی دەستکردی چینی DeepSeek تەنیا بە نزیکەی پەنجا هەزار GPU ی nVidia کاردەکات، لە داهاتووی نزیک هەموو ڕۆبۆتە زیرەکەکانی تێسلا کە بە Optimus ناسراون ئەگەر لە هەر شوێنێکی دونیا کار بکەن بەو داتا سێنتەرە دەبەسترێتەوە، لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو تێسلا لە بەرنامەیدایە دەیەها ملیۆن ڕۆبۆتی زیرەک بەرهەم بهێنێت کە لە ڕێگەی فێربوون بە زیرەکی دەستکرد دەتوانن هەموو کارەکانی مرۆڤ بکەن، ئیلۆن مەسک دەڵێت لە داهاتووی دورتریشدا ژمارەی ڕۆبۆتە زیرەکەکان لە ژمارەی مرۆڤ زیاتر دەبن و بەهیوان ئەوان گەورەترین ڕۆڵیان هەبێت لەو بوارە لەسەر ئاستی جیهان.


PM:07:33:04/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت