نەریتی یاری سینی و زەرف


وێستگەنیوز_راژان رزگار

لە شاری هەولێر، ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، هاوڵاتیان دوای شکاندنی رۆژووەکانیان و ئەنجامدانی نوێژی تەراویح تاوەکو پارشێو، بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان سەرقاڵی یاری سینی و زەرف دەبن، کە یەکێکە لە یاری و چالاکییە کوردەوارییەکان.

مام نەبەز، هاوڵاتییەکی شاری هەولێرەو خاوەنی یەکێک لە کافتریاکانە دەربارەی ئەم یارییە دەڵێت، "یاری سینی مێژوویەکی کۆنی هەیەو بە تایبەت لە شاری کەرکووک زۆر بەربڵاوە، هەر بۆیە بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەم یارییەم لە کافتریاکەی خۆمدا بۆ دروستبوو، بیرم لەوە کردەوە لە شەوانی مانگی پیرۆزی رەمەزانداو دوای شکاندنی رۆژووەکانمان و ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لێرەدا وەک پێشبڕکێیەک یاری سینی بکەین و لە کۆتاییدا خەڵات ببەخشینە براوەی یارییەکە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بیرۆکەی دروستبوونی ئەم یارییە لەم کافتریایەدا کە خاوندارێتی ئەکەم سەرەتا لە خۆمەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر لەبەر ئەوەشە نامەوێت هەرگیز دەستبەرداری ببم، چونکە بۆتە نەریتێک و مەبەستمە لە شاری هەولێر ئەم نەریتە وەک خۆی بمێنێتەوە."

لە بارەی خەڵاتەکانەوە وتیشی، "براوەی یاری سینی، خەڵاتی جۆراوجۆر وەردەگرن وەک، مۆبایلی زیرەک، تێچووی گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات، چەندین خەڵاتی دیکە."

لای خۆشییەوە یاریزانێکی ئەم یارییە دەڵێت، "یاری سینی یارییەکی دێرینە و لە کۆنەوە هەبووە و ئەنجامدراوە، مانەوەی تا ئەمڕۆش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە میراتی و داب و نەریتی خۆمان پاراستووە، لە ئێستاشدا کە دەیبینم ئەم یارییە هێشتا گرنگی پێدەدرێت هەست دەکەم لە سەردەمی هەولێری کۆندا دەژیم."

ئەوەش لە کاتێکدایە، یاری سینی و زەرف نەریتێکی کۆنەو بە نزیکەیی تەمەنی زیاتر 125 ساڵە، کۆمەڵێک کەس لەسەر فەرش و دۆشەک دادەنیشن و ئەوانی دیکەش بەدەوریاندا کۆدەبنەوە، تێیدا سینییەک 11 فنجانی لەسەرە لەناو یەکێک لە فنجانەکاندا موروویەک شاردراوەتەوە، ئەو کەسەی مورووەکە بدۆزێتەوە دەبێتە براوەی یارییەکە.


AM:11:28:18/03/2025








ئه‌م بابه‌ته 1612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو