لە بارەی رۆژی جلی کوردی
ویستگەنیوز_راژان رزگار
جلوبەرگ بەشێکە لە کلتوور و مێژوو و ناسنامەی هەر نەتەوەیەک، جلی کوردیش یەکێکە لەو
جلوبەرگانەی مێژوویەکی کۆنی هەیە و حکومەتی هەرێم رۆژی 10ی ئازاری هەموو ساڵێکی
وەک رۆژی جلی نەتەوەیی کوردی دیاریکردووە.
جلی کوردی یەکێکە لەو جلوبەرگانەی
مێژوویەکی دێرینی هەیە و مۆرکی خۆی بەسەر سەرجەم ئەو ناوچانەدا جێهێشتووە کە لە
رابردوودا لەژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەواییە جیاوازە کوردییەکاندا بوون و رۆچووەتە ناو
کلتووریانەوە، بەتایبەتیش کوردستانی گەورە و ئەو شوێنان و نەتەوانەی لە دەوروبەری
نەخشەی کوردستانی گەورەدان.
دواتریش بەهۆی مامەڵەی بازرگانی و
تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی فەرمانڕەوایەتییەکان یانیش داگیرکاریی سەر
ناوچە کوردییەکان، جلوبەرگی کوردی چووەتە ناو کلتووریی چەندین ناوچەی دیکەی دوور
لە خاکی خۆی.
بەوپێیەی هەڵکەوتەی جوگرافی
کوردستان و سروشتەکەی سەرجەم وەرزەکانی بە روونی تێدا دیارە، جلوبەرگی کوردی لە
سەرجەم وەرزەکاندا پارچەی تایبەت بە خۆی هەیە، کە هەم لە سەرمای سەختی شاخەکان
پاراستوویەتی، هەم لە گەرمای ناوچە گەرمیانییەکان فێنکی پێداون.
سترابۆ'ی مێژووناس و جوگرافیاناس و
فەیلەسوفی یۆنانی کە لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا ئاسیای بچووک ژیاوە، باس لە
مێژووی جلی کوردی دەکات و کاریگەریی شێوە و پارچەکانی جلی کوردی بەسەر کلتووری
جلوبەرگی ناوچەکانی دیکەوە باس کردووە، کە لە ناویاندا کاریگەریی جلی کوردی بەسەر
جلوبەرگی فارسەکانەوە گەڕاندووەتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.
PM:12:41:10/03/2025
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت