توێژەرێکی کورد توێژینەوە لە ژەهری ناو توێکڵی لیمۆ دەکات و مەترسییەکەی ئاشکرادەکات
وێستگەنیوز-
توێژەرێکی کورد لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری لە وڵاتی سوید توێژینەوە دەکەن لەسەر ژەهری ناو توێکڵی لیمۆ و بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە بێت مادە قڕکەرەکان لەسەر توێکڵی لیمۆ دەمێننەوە و کاتێک قاشی لیمۆ دەکرێتە نێو ئاوی خواردنەوە ئەوا مادە ژەهراوییەکان تێکەڵ بە ئاوەکە دەبن.
ئاوات عەلی، خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی کیمیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵمی سوید و باسی ئەنجامی توێژینەوەکەی دەکات کە بۆیان دەرکەوتووە، مادە قڕکەرەکان لەسەر توێکڵی لیمۆ دەمێننەوە و کاتێک قاشی لیمۆ دەکرێتە نێو ئاوی خواردنەوە، ئەوا 20%ی مادە ژەهراوییەکان تێکەڵ بە ئاوەکە دەبن.
ئەو توێژەرە رایگەیاندووە، "پاش چەند هەفتەیەک کارکردن لەگەڵ گروپێک لەخوێندکارەکانم لە بەشی کیمیا لە زانکۆی ستهۆکهۆڵم، بۆمان ئاشکرابوو کە نزیکەی 20% ئەو مێرووکوژانەی لەنێو توێکڵی لیمۆدان، دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاو کاتێک قاشی لیمۆ دەخرێتە ناو ئاوی خواردنەوەوە"
باسی لەوەشکردووە، "ئیمازەلیل یەکێکە لەباوترین مێرووکوژەکان کەلەکشتوکاڵی بەرهەمهێنانی مزرەمەنییەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە لیمۆشدا زۆرینەی لە توێکڵەکەیدا دەمێنێتەوەو بەشێکی زۆر کەمی دەگاتە نێو لیمۆکە، واتە ئەم مادە زیانبەخشە بە سروشتی لە لیمۆکەدا نییە، یان لەو لیمۆیانەدا نییە کە لەنێو باخی ماڵاندایە و مێروو کوژ بەکارناهێنن، ئەم مێرووکوژانە لە کێڵگە گەورەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەپێی رێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئیمازەلیل (Imazalil) (C14H14Cl2N2O) مادەیەکی ژەهراوی (Toxic)ە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و کاریگەرییەکانی دورودرێژن و ئەگەر هەیە ببێتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی شێرپەنجە لە مرۆڤدا".
ئاوات عەلی وتی، ''لە ماوەی 24 کاژێردا ئەگەر کیلۆیەک لیمۆ تەنیا بە ئاو بشۆردرێتە ئەوا دوو میلیگرام ئیمازەلیل و هاوشێوەکانی دەچێتە نێو ئاوی خواردنەوە و ئەگەر بە ئاو و زاهیی قاپ شۆردن بشۆردرێتەوە ئەوا یەک میلیگرام ئیمازەلیل دەچێتە نێو ئاوی خواردنەوە، کەواتە لە هەردوو کاتەکە ئەو مادە ژەهراوییە تێکەڵ بە ئاو دەبێت''.
AM:12:01:09/03/2025
ئهم بابهته 3912
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت