پاسکیل بۆ هاوڵاتیانی خورماڵ دابین دەکرێت
وێستگەنیوز_راژان رزگار
لە پێناو پاراستنی
ژینگە، لە قەزای خورماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە بری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ
هاوڵاتیان، بێ بەرامبەر پاسیکلیان بۆ ئامادەکراوە و زۆرێک لە تەمەنە جیاوازەکان
وەک ئامڕازێکی گواستنەوە بۆ هاتووچۆی رۆژانە بەکاری دەهێنن.
لوقمان حەمە سەعید،
سەرپەرشتیاری پرۆژەی بەکارهێنانی پاسکیل لە بری ئۆتۆمبێل رایگەیاندووە، "جیاواز
لە ناوچەکانی دیکەی ئەم هەرێمە کە هاووڵاتیان زۆر ڕوویان لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل
کردووە و ئەوەیش قەرەباڵغی زۆری لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دروستکردووە، تەنانەت لە
هەندێک شوێندا جێگا بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل نییە، لە خورماڵ لە بەردەم بەشێک لە
دووکانەکاندا لەبری ئۆتۆمبێل پاسکیل ڕاگیراوە کە خاوەنەکانیان بۆ هاتوچۆی ڕۆژانە
بەکاریدەهێنن."
ئاماژەی بەوەشدا،''ئێمە لێرەدا وێستگەیەکمان هەیە کە ژمارەیەک پاسکیلمان تێدا داناوە، کارمەندێکی بەڕێز ڕۆژانە لێرە
دادەنیشێت و پاسکیلەکان دەدات بە خەڵک لە بەرامبەریشدا بۆ ئەوەی پاسکیلەکان کە
دەبنە موڵکی هەمووان پارێزراوبن ناسنامەیەکی وەک؛ کارتی زانیاری یان کارتی
نیشتمانیی وەردەگرێت و، دواتر بۆ ماوەیەک لەلای دەبێت و ئێمە کاتەکەمان دیاری نەکردووە
لەوانەیە کاتژمێرێک کارەکەی خۆی پێ جێبەجێ بکات و دواتر بیگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆی''.
هاووڵاتییەکی قەزای خورماڵ بەناوی غەفار حەمەخان 54 ساڵ کە پیشەی فرۆشتنی شەربەتی مێووژە، بە پاسکیل کاروبارەکانی ڕۆژانەی
ئەنجام دەدات دەڵێت، ''بە نزیکەی لە ساڵی 1997 هەتا ئێستا پاسکیل بەکاردەهێنم،
یەکەم لەبەر تەندروستی خۆم،
دووهەم کارم بە پاسکیل دەڕوات، شەربەتی مێووژ دەفرۆشم ماڵمان دوورە هەموو جارێک
ناکرێت عەرەبانەیەک بۆ یەک دەبە بنێرم، شەربەتەکان دەخەمە ناو ئەو سندوقەوە و،
دەیانهێنم بۆ دووکان."
PM:04:26:12/02/2025
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت