دەربارەی شەوی بەرات


وێستگەنیوز_راژان رزگار

شەوی بەرات گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لای بەشێک لە موسڵمان، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە کوردستانیش ئەم یادە بۆ ماوەی 700 ساڵە دەکرێتەوە و منداڵان لەم شەوەدا دەگەڕێن بەناو ماڵەکاندا بۆ کۆکردنەوەی شیرینی و نوقڵ.

شەوی بەرات دەكەوێتە 15مین رۆژی مانگی شەعبانی ساڵنامەی كۆچی واتە 15 رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان، کە لە شەوی 14ی شەعبانەوە دەستپێدەکات بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی 15ی شەعبان.

زۆرێک لە خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆچی شەوی نیوەی مانگی شەعبان بە "شەوی بێتاوانی یان لێبوردن" ناسراوە، لێرەدا چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن:

شەوی بەرات لە وشەی " البراءة" ی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتووە کە شەوێکە تیایدا چاکە و رزق و رۆزی تیایدا بەرقەرار دەبێت و خوای گەورە لە گوناهی بەندەکانی خۆش دەبێت ئەمەش مانایەکی دروستە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی.

زۆرێک لە بۆچوونەکان دەڵێن " خودای گەورە لە شەوی نیوەی شەعباندا سەیری بەندەکانی دەکات و لەو بەندانەی خۆش دەبێت کە داوای لێبوردن دەکەن."

شەوی بەرات لای 12 ئیمامەکەی شیعە شەوێکی پیرۆزە، هۆکاری پیرۆزییەکەش بۆ لەدایکبوونی "محەممەد مەهدی" دەگێڕنەوە کەپێیان وایە لەم شەوەدا لەدایکبووە.

زۆرێک باس لە حەدیسێكی پێغەمبەرمەی ئیسلام (د.خ) دەکەن دەربارەی شەوی بەرات كە دەفەرموێت ‌"لە شەوی 15ی شەعباندا خوای گەورە بە چاوی رەحمەت سەیری خەڵكی سەر زەوی دەكات و بەرەكەتی خۆی دەڕێژی بە سەر خەڵكی سەر زەویدا."


بەشێکیش ئاماژە بەوە دەکەن
، کە شەوی بەرات وەک خۆی لە قورئاندا ناوی نەهاتووە و لە ئایەتی سێیەمی سورەتی "الدخان" دا خوای گەورە ئاماژە بە شەوێكی پیرۆز دەكات و دەفەرموێت، (انا انزلناه فی لیلە مباركة انا كنا منذرین)، ئەم شەوە پیرۆزەش زۆرینەی مامۆستایانی ئاینی پێیان وایە كە مەبەست لێی شەوی قەدرە نەک شەوی بەرات، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان پێیان وایە مەبەست لێی شەوی بەراتە، چونكە شەوی قەدر بە ئاشكرا لە قورئاندا ناوی هاتووە."

هەندێکیش وا لێكیانداوەتەوە، كە وشەی بەرات لە (براءة)ی عەرەبییەوە هاتووە، كە مەبەست لێی بێتاوانبوونی حەزرەتی عائیشەیە، خێزانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) بووە لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی.

چەند بیروڕایەکیش هەن لەسەر ئەوەی شەوی بەرات ئامادەکارییەک وایە بۆ پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان.


PM:12:35:12/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو