له‌ باره‌ی ڕێورەسمی جەژنی پیرشالیاره‌وه‌


وێستگەنیوز_راژان رزگار

رێوڕەسمی جەژنی پیرشالیار هەر لەسەردەمی ژیانی خۆیەوە تا ئێستا ساڵانە لەو گوندەی مەزاری پیرشالیاری لێیە و، پێیدەوترێت "شاری هەورامان" بەڕێوەدەچێت، دانیشتوانی ئەو شوێنە هەر کەسێکیان نیازی خێری پیرشالیاری کردبێت، بە پێی توانای خۆیان "گیسک یاخود بەرخ یان گوێرەکە" دەبەن و دەیاندەنە دەست زیرگەوانەکانی مەرقەدی پیرشالیا.

رێوڕەسمی جەژنی پیرشالیار، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەرێوەدەچێت، بەڵام هەمیشە ئەوە بەهەند وەردەگرن کە جەژن بکەوێتە رۆژانی "چوارشەممە، پێنجشەممە، هەینی" رۆژێک پیش دەستپێکردنی جەژن گوێزی باخی پیرشالیار بەشدەکرێنەوە و، ئەو باخە دەکەوێتە شوێنێک پێیدەوترێت "ملە مارفا"، بەشکردنەوەی گوێز ئاگادارکردنەوەی خەڵکە بەوەی سبەینێ جەژن دەستپێدەکات، منداڵەکانیش سەرلەبەیانی چوارشەممە بەکۆڵانەکاندا دەگەڕێن و بەدەنگی بەرز هاواردەکەن "کڵاوڕۆچنە" ماڵەکانیش هەرچی لەبەردەستیاندابێت لە "گوێزو مێووژو هەنجیری وشک" بێبەشیانناکەن.

ئەو ئاژەڵانەی کە بۆ خێری پیرشالیار لای زیرگەوانەکان لەوەڕێنراون، هەموویان ئامادەدەکرێن و یەکێک لەنەوەی "هاڵیشا" هەموویان سەردەبڕێت، "هاڵیشا" ئەو کەسەیە کە بۆیەکەمجار لەژیانی پیرشالیاردا ئاژەڵی خێری سەربڕێوە، ئەوەی ئاژەڵەکان سەردەبڕێت بۆخۆی سیوجگەرێک دەباتەوە و گۆشتەکەش بەسەر ماڵەکاندا دابەشدەکرێت، هەر تیرەیەک پێشینەکانیان لەسەردەمی پیرشالیاردا چجۆرە گۆشتێکیان بردبێت، ئێستاش نەوەکانیان هەمان جۆری گۆشتیان دەدرێتێ.

لە ریورەسمی جەژنی پیرشایاردا لە هەموو ماڵەکان بڕوێش کۆدەکرێتەوە و، بۆ سەر لەئێوارەی پێنجشەممە زیرگەوانەکان دەگەڕێن بەماڵەکاندا و مەنجەڵی گەورە کۆدەکەنەوە، نیوەی بڕوێشکەکە لێدەنێنن و هەموو ماڵێک منداڵ دەنێرن بۆ ئەوەی بەشی خۆیان چێشتی بڕوێشک ببەنەوە، بۆ شەوی هەینیش نیوەکەی تری بڕوێشکەکە لێدەنێن و هەموو پیاوەکانی گوند لە ماڵەکەی پیرشالیاردا کۆدەبنەوە، ئەو ماڵە هەموو ساڵێک تەنها ئەو سێ رۆژەی جەژن دەرگای دەکرێتەوە، ئەوانەی کۆبوونەتەوە سەرەتا بەدووریز و بەنۆرە هەڵپەرکێیەک دەکەن کە تێکەڵاوە بە جۆرێک لە "زیکر وتەلیلە", پاشان دادەنیشن و ناندەخۆن، پاش نانخواردن زیرگەوانەکان لەو بەردەی پێیدەڵێن "کۆمسا" و لە نزیک گۆڕی پیرەوەیە موفەرک بەسەر ئامادەبوواندا بەشدەکەنەوە.

خەڵکی شاری هەورامان هەموو ساڵێک پاش ئەوەی "45" رۆژ لەبەهار دەڕوات و بەرلەوەی بەشێوەیەکی کاتی کۆچبکەنە هەوارگەکانی هاوینیان، جارێکی دی لەسەر گۆڕی پیرشالیار کۆدەبنەوە و پێکەوە نانێک دەخۆن، پاش ئەوەی داوای سەرکەوتنی لێدەکەن، ئەوسا بەرە و هەوارگەکانیان دەکەونەرێ.

لە بارەی رێورەسمی پیرشالیاری هەورامانەوە:

"موزەفەرخان" لە دەستنووسی "پاسداران مرز ایران تاریخ اورامان" دا ناوی جەژنی پیرشالیاری بە "شایی پیشالیار"هێناوە و لەو بارەوە رازێکی ئەفسووناوی باسکردووە، گوایا کچێکی "شاعەباسی صەفەوی"بەناوی "جیهان ئارا"شێتبووە و بەمەبەستی چاکبوونەوەی لەگەڵ وەزیرێکی شادا رێیانکەوتۆتە هەورامان، پاش ئەوەی لەسایەی هیمەتی پیرشالیاردا چاکبۆتەوە هەرلە هەورامان هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، رۆژی گواستنەوەی شازادە بۆ ماڵی پیرشالیار، هەورامییەکان شاییان گێڕاوە و خواردنی شاییەکەش بریتیبووە لە "بڕوێش و گۆشت بەترشی هەنارەوە".

لەبارەی جەژنی پیرشالیارەوە چەند بۆچوونێک هەیە وەک:

یەکەم، جەژنی پیرشالیار جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ جەژنی نەورۆزدا هەیە، بەوەی رۆژی نەورۆز ئاژەڵەکانی خێری پیرشالیار، دەدرێنە دەست زیرگەوانەکان و هەڵبژاردنی ئەو رۆژە بۆ ئەوکارە بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو بەپیرۆز راگرتنی رۆژەکەیە،

دووەم، هەمیشە رەچاوی ئەوەدەکرێت جەژن لەچوارشەممەوە دەستپێبکات، شتێکی ئاشکراشە چوارشەممە رۆژێکی پیرۆزە لای زەڕدەشتییەکان.

سێیەم، بەشێک لە رێوڕەسمی جەژنەکە هەڵپەڕکێیە، شتێکی ئاشکرایە لەناو هیچ جەژنێکی تر لەجەژنە دیینییەکانی موسڵماناندا، هەڵپەڕکێیەکی لەم جۆرەیان تێدا نییە.

چوارەم، "لەناو هیچکام لەنەتەوە و خێڵە موسڵمانەکاندا جەژنێکی لەم چەشنە نییە و تایبەتە بەناوچەیەکی دیاری کوردەوارییەوە کە ناوچەی هەورامانە." 

ئەوەش لە کاتێکدایە، جەژنی پیرشالیار جەژنێکی کوردییە و ئەو شێوازە "تەلیلەەش کە بۆن و بەرامەیەکی ئیسلامی هەیە وتێکەڵی هەڵپەڕکێکەی بووە، لەسەردەمی پیرشالیاری دووەمدا هاتۆتە ناو رێوڕەسمی جەژنەکەوە،ناوبراو ئیسلامبوونی خۆی راگەیاندووە و پاش ئیسلامبوونی ناوی خۆی ناوە "مستەفا کوڕی خواداد"و دەستکاری چەند بەندێکی مەعریفەتی کردووە.


AM:11:56:03/02/2025












ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو