ڤایرۆسێكی نوێ له‌ چین بڵاوبووه‌ته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
ڤایرۆسێكی نوێ له‌ وڵاتی‌ چین بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نفلۆنزا ده‌چێت و ڤاكسینی‌ نییه‌ و ترس و دڵه‌ڕاوكێی‌ دروست كردووه‌.


بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی نوێ ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ چین دروستكردووه‌ كه‌ بووه‌ته‌هۆی‌ زیادبوونی به‌رچاوی حاڵه‌ته‌كانی هه‌وكردنی سییه‌كانی، به‌تایبه‌تی دوای پێنج ساڵ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای Covid-19.

حاڵه‌ته‌كانی‌ تووشبوون به‌ HMPV، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانی باكووری چین، له‌ ته‌شه‌سه‌ندندایه‌ ئه‌مه‌ش وای‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كردووه‌ بكه‌وته‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها زیادبوونی به‌رچاوی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 14 ساڵیشی گرتووه‌ته‌وه‌.

حكومه‌تی چین رایگه‌یاند كه‌ هیچ ڤاكسینێك بۆ ئه‌و ڤایرۆسه‌ نییه‌ كه‌ به‌زوویی بڵاوده‌بێته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ ئێستادا چاره‌سه‌ر ته‌نها چاودێری پزیشكییه‌، بۆیه‌ داوا له‌ خه‌ڵك كرا كه‌ ده‌مامك ببه‌ستن و خۆیان له‌ قه‌ره‌باڵغی به‌دوور بگرن.
وه‌ك ئه‌نفلۆنزا وایه‌

ڤایرۆس HMPV هاوشێوه‌ی ئه‌نفلۆنزایه‌، و ده‌بێته‌ هۆی تووشبوون به‌ نیشانه‌كانی وه‌ك كۆكه‌، تا و گیرانی لووت.

به‌ڵام ده‌كرێت نه‌خۆشییه‌كه‌ گه‌شه‌ بكات و بگۆڕێت بۆ هه‌وكردنی بۆرییه‌كانی هه‌ناسه‌ یان هه‌وكردنی سییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌ حاڵًه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌كاندا.

هه‌روه‌ك ڤایرۆسێكی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 2001 ده‌ستنیشانكرا، و هه‌موو ئاسته‌كانی‌ ته‌مه‌ن ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ منداڵانی بچووك و به‌ساڵاچووان و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ده‌ست لاوازی سیسته‌می به‌رگری له‌شه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، مه‌ترسیدارتره‌ و له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی گیان له‌ده‌ست دان.

ڤایرۆسه‌كه‌ له‌  ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌وه‌ نزیكه‌ و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی سێ بۆ شه‌ش رۆژ ده‌خایه‌نێت و به‌ پێی تووندی نه‌خۆشییه‌كه‌ش، ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.

ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌وقه‌كردن و پژمین و ده‌ستدان له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ی به‌ركه‌وتووه‌ و سڕینه‌وه‌ی ده‌م و لووت وچاو به‌ ده‌ست، ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كه‌سه‌كان.


PM:04:05:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو