له‌ ته‌مه‌نی 117 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد


وێستگه‌نیوز-
خانمی ئیسپانی ماریا برنیاس مۆریرا، به‌ ته‌مه‌نترین ژنی جیهان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2024، له‌ ته‌مه‌نی 117 ساڵیدا، له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئیسپانیا، كۆچی دوایی كرد.


ماریا له‌ ماوه‌ی ساڵانی ژیانیدا، توانی به‌ سه‌ركه‌وتوویی په‌تای ئه‌نفلۆوه‌نزای ئیسپانی 1918 و هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی و شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا و په‌تای كۆڤید نۆزده‌ تێپه‌ڕێنێت، ماریا ساڵی 2020 به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌بێت به‌ 113 ساڵ، تووشی كۆرۆنا ده‌بێت و له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی كه‌مدا چاكده‌بێته‌وه‌.

خێزانه‌كه‌ی له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌ت به‌ ماریا، له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، نامه‌یه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: "ماریا برنیاس ماڵئاوایی لێكردین، ئه‌و دروست به‌و شێوه‌یه‌ مرد كه‌ ده‌یویست: له‌كاتی نووستنیدا، به‌سه‌لامه‌تی و بێ ئێش و ئازار". به‌ڵام له‌ نامه‌كه‌دا رۆژ یان كاتژمێری مردنه‌كه‌ی رووننه‌كراوه‌ته‌وه‌.

خێزانه‌كه‌ی له‌ نامه‌كه‌دا ده‌ڵێن: "پێش چه‌ند رۆژێكی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، پێی وتین، رۆژێك له‌ رۆژان، ئه‌م دونیایه‌ به‌جێده‌هێڵم و ئه‌م جه‌سته‌یه‌م له‌ناوده‌چێت، نازانم ئه‌وه‌ كه‌ی رووده‌دات، به‌ڵام له‌ واده‌یه‌كی زۆر نزیكدا رووده‌دات، ئه‌م كاروانه‌ توولانییه‌ كۆتایی پێدێت، مه‌رگ دێت و ژیان له‌م هه‌موو ته‌مه‌نه‌ زۆره‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت مه‌رگ بێت و ببینێت من پێده‌كه‌نم، سه‌ربه‌ست و رازیم".

خێزانه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌كاونت و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆژی دوو شه‌ممه‌ 19ی ئابی 2024، نامه‌یه‌كی دیكه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: "هه‌ست به‌ لاوازیی ده‌كه‌م، ئه‌جه‌لم نزیكبووه‌ته‌وه‌، مه‌گرین، من حه‌زم له‌ فرمێسك نییه‌، پێش هه‌مو شتێك خه‌فه‌ت بۆ من مه‌خۆن، من دڵخۆشم به‌وه‌ی ده‌ڕۆم".

ماریا برنیاس به‌ گوێره‌ی (US Gerontology Research Group) و كتێبی گینیس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان، به‌ ته‌مه‌نترین ژن بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان.

ماریا برنیاس شوێنی لوسیل راندۆنی فه‌ره‌نسی گرته‌وه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 118 ساڵیدا و له‌ كانونی دووه‌می 2023 كۆچی دوایی كرد. له‌ ئێستادا دوای كۆچی برنیاس به‌ ته‌مه‌نترین ژن له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌ له‌ ژیاندا مابێت، خاتوو تۆمیكۆ ئیتۆكای ژاپۆنییه‌، له‌ 23 ی ئایاری 1908 له‌ دایك بووه‌ و ته‌مه‌نی 116 ساڵه‌.

ماریا بۆ ماوه‌ی زیاد له‌ بیست ساڵه‌، له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووانی "سانتا ماریا دیل تۆرا" له‌ هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا ده‌ژیا. ئه‌و له‌ 4ی ئازاری ساڵی 1907 له‌ سان فرانسیسكۆ (خۆرئاوای ئه‌مریكا) له‌دایك بووه، خێزانه‌كه‌ی كۆچیان بۆ ئه‌وێ كردبوو‌، دواتر له‌ ساڵی 1915 ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئیسپانیا.

ساڵی 1931 هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پزیشكێكدا ده‌كات، ئه‌م پزیشكه‌ له‌ ته‌مه‌نی 72 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات، ماریا خاوه‌نی سێ منداڵ بوو، یه‌كێكیان له‌‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵی كۆچی دوایی ده‌كات، یانزه‌ نه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ منداڵی نه‌وه‌كانی هه‌یه‌.

رۆزا مۆریه‌ كچه‌ هه‌ره‌ بچوكه‌كه‌ی كه‌ هه‌نووكه‌ له‌ هه‌شتاكانی ته‌مه‌نیدایه‌، پێشتر رایگه‌یاند بوو: "دایكی هه‌رگیز نه‌ڕۆشتووه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و هه‌رگیز تووشی شكانی ئێسك نه‌بووه‌".

تا ئێستا به‌ ته‌مه‌نترین ژن له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تی، جان كالمان-ی فه‌ره‌نسییه‌ كه‌ ساڵی 1997 له‌ ته‌مه‌نی 122 ساڵ و 164 رۆژ، كۆچی دوایی كردووه‌.


PM:06:29:20/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو