له‌نهۆمی 16 كه‌وته‌خواره‌وه‌و رزگاری بوو


وێستگه‌نیوز-
ڕزگاربوونی منداڵێك له‌ رووداوێكی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ له‌ نهۆمی 16 هه‌می باڵه‌خانه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌مووان شۆك ده‌كات.


ئینزۆ منداڵێكی 4 ساڵی فه‌ره‌نسییه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ نهۆمی 16هه‌می ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی تێیدا نیشته‌جێیه‌، به‌ به‌رزی 43 مه‌تر ده‌كه‌وێته‌خواره‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی دووچاری هیچ جۆره‌ شكاوی و زه‌برێكی تووند بێته‌وه‌ له‌مردن رزگاری ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو خێزانه‌كه‌ی، ئه‌م رووداوه‌ش به‌ رووداوێكی نائاسایی داده‌نرێت و هه‌مووانی به‌خۆیه‌وه‌ شۆككردووه‌.

ئه‌م رووداوه‌ له‌ رێككه‌وتی 26 مایۆی 2024دا، روویداوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له‌ ناوه‌ڕاستی وڵاتی فه‌ره‌نسا، به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان ئینزۆ منداڵێكی تووشبووی نه‌خۆشیی ئۆتیزمه‌، ئه‌و رۆژه‌ش به‌هه‌ڵه‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌ی خۆی داده‌خات و كاتێكیش ناتوانێت بیكاته‌وه‌ تووشی حاڵه‌تێكی گریان و ترس ده‌بێت.

دایك و باوكی ئه‌م منداڵه‌ ده‌ڵێن دوای هه‌وڵێكی زۆر و شكاندنی ده‌رگاكه‌، بینیومانه‌ كوڕه‌كه‌مان دیارنه‌ماوه‌، كاتێكیش له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای خواره‌وه‌مان كردووه‌، شۆكبووین به‌دیمه‌نی ئینزۆ  و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی له‌ نهۆمی 16 هه‌مه‌وه‌.
 
له‌ لێدوانێكدا باوكی منداڵه‌كه‌ بۆ رۆژنامه‌ی (لۆ پاریسیانی فه‌ره‌نسی) ئاشكرایكردووه‌، "كاتێك گه‌شتمه‌ سه‌ر ئینزۆ، زۆر به‌سروشتی ده‌جوڵایه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت یه‌ك دڵۆپه‌ خوێنیش به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ نه‌بوو ته‌نها رووشانێكی كه‌م نه‌بێت له‌ قاچیدا".

له‌دوای ئه‌م رووداوه‌ ده‌سبه‌جی منداڵه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌دوای مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 7 هه‌فته‌، بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ منداڵه‌كه‌ له‌دوای كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی له‌ به‌رزی 43 مه‌تره‌وه‌ ته‌ندروستی زۆر باشه‌ و ته‌نها دووچاری چه‌ند خوێنبه‌ربوونێكی له‌ گورچیله‌كان و سییه‌كانیدا بووه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ خێرایی له‌ لایه‌ن پزیشكه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.

تا ئێستاش دایك و باوكی ئینزۆ و پزیشكه‌كانی باوه‌ڕ به‌م رووداوه‌ ناكه‌ن، كه‌ چۆن منداڵێك توانیویه‌تی له‌ نهۆمی 16وه‌ بكه‌وێته‌ خواره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی تووشی شكان یان پێكانی قورس ببێت له‌جه‌سته‌یدا.

 هه‌ندێك پێیان وایه‌ له‌ كاتی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یدا به‌سه‌ر سه‌ربانی ده‌رمانخانه‌یه‌كدا كه‌وتووه‌ ئه‌مه‌ش له‌ قورسی كه‌وتنه‌كه‌ی كه‌مكردۆته‌وه‌، به‌ڵام پزیشكان ده‌ڵێن ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌رم و سووككردنی جه‌سته‌ی منداڵه‌كه‌وه‌ نییه‌.



PM:03:59:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 3460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو