باوكی ده‌ریكرد و بازرگانێک گرتیەخۆی


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی میسر، باس باسی ئه‌و كچه‌یه‌ كه‌ باوكی بۆ رازیكردنی ژنی دووه‌می، كچه‌كه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌ركردووه و كه‌سێكی دیكه‌ دێت و رێڕه‌وی ئه‌و واقیعه‌ كاره‌ساتاوییه‌ ده‌گۆڕێت.

پیاوێكی میسری بازرگان كه‌ داوای كردووه‌ ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، بڕیارده‌دات خه‌رجی كچه‌كه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی خۆی و ماڵێكی گونجاوی بۆ به‌كرێ بگرێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌ خاتوو نوها ئه‌لجوندی پارێزه‌ر، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ نێت ده‌ڵێت: "له‌ ناكاو پێی سه‌یر بووه‌ بازرگانێكی خێرخواز له‌ شاری ئه‌لشه‌رقییه‌ كه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك دوكانی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی ناوماڵه‌، په‌یوه‌ندی پێوه‌ده‌كات و پێشنیاری دابینكردنی خه‌رجی كچه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، چونكه‌ كچه‌كه‌ هێشتا خوێندكاره‌ و په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر ماڵی خزمێكی نزیكی دایكه‌ كۆچكردووه‌كه‌ی".

خێرخوازه‌كه‌ لای خۆیه‌وه‌، روونیكردووه‌ته‌وه‌ مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ كچه‌كه‌ ده‌نێرێت، خانوویه‌كی بۆ به‌كرێ ده‌گرێت، تا ئه‌و كاته‌ی خوێندن ته‌واو ده‌كات و توانای كاركردن یان هاوسه‌رگیری ده‌بێت.

سه‌روه‌ختێك كچه‌كه‌ گوێی له‌و هه‌واڵه‌ ده‌بێت، زۆر دڵخۆش ده‌بێت، چونكه‌ له‌ كاتی ده‌ركردنی له‌ ماڵی باوكی و رازینه‌بوونی باوكی به‌وه‌ی به‌خێوی بكات و خه‌رجییه‌كانی بۆ دابین بكات، له‌ كاره‌ساتێكی راسته‌قینه‌دا ژیاوه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆر سوپاسی كه‌سه‌ خێرخوازه‌كه‌ و پارێزه‌ره‌كه‌ی خۆی و كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ نێت-ی كردووه‌ كه‌ به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوایخۆیدا هێناوه‌.

كچه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ساته‌وه‌ختی ده‌ركردنی له‌ ماڵی باوكی‌، له‌ ماڵی خزمێكی دایكی ده‌ژی، ئه‌وان پشتگیرییان كردووه‌ و خه‌رجی پارێزه‌ره‌كه‌یان بۆ دابینكردووه‌، تاكو بتوانێت له‌ رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، باوكی ناچار بكات نه‌فه‌قه‌ی بكێشێت. به‌ڵام ماڵی ئه‌و خزمه‌ی دایكی، بچووك بووه‌ و بۆ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی كچه‌كه‌ گونجاو نه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌وان كوڕی گه‌نجیان هه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ خانوویه‌كی ته‌نیشت ئه‌واندا ژیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها نه‌بێت.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا شایه‌نی باسه‌، ئه‌وه‌یه‌ كچه‌كه‌ خوێندكاری په‌یمانگای خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، پێش ساڵێك له‌گه‌ڵ باوكی و هاوسه‌ری دووه‌می ژیاوه‌. ژنه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا مامه‌ڵه‌ی باش بووه‌ له‌گه‌ڵیدا، وه‌لێ دوای ئه‌وه‌ی دوو گیان بووه‌، مامه‌ڵه‌ و ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی بێزاركردنی كچه‌كه‌ی داوه‌، تا رۆژێك كێشه‌یه‌ك بۆ كچه‌كه‌ هه‌ڵده‌به‌ستێت و داوا له‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كات كچه‌كه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌ی بكاته‌ ده‌ره‌وه‌.

باوكه‌كه‌ داواكاری ژنه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات و كچه‌ تاقانه‌كه‌ی له‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێك كچه‌كه‌ پرسیار له‌ باوكی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت: "بۆ كوێ بڕۆم؟"، باوكی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بۆ كوێ ده‌ڕۆی بڕۆ، ئیش بكه‌، من ناچارنیم پاره‌ت بۆ خه‌رج بكه‌ن".

دادگای خێزانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی پێنج، باوكه‌كه‌ پابه‌ند ده‌كات مانگانه‌ بڕی هه‌زار و 500 جونه‌ی میسری بدات به‌ كچه‌كه‌ی، ئه‌گه‌رچی باوكه‌كه‌ توانای ئابوری باشه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌ و پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌تی بازرگانی ئۆتۆمۆبێلی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ براكه‌یدا هه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه‌ی خرابوونه به‌رده‌م دادگا، ته‌نها ئه‌وه‌یان ده‌سه‌لماند باوكه‌كه‌ موچه‌یه‌كی كه‌می هه‌یه‌، كچه‌كه‌ نه‌یتوانیبوو بیسه‌لمێنێت باوكی له‌ پرۆژه‌ی بازرگانی ئۆتۆمۆبێلدا هاوبه‌شه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ باوكه‌كه‌ له‌به‌رده‌م دادگا وتبووی پابه‌ندبوونی دیكه‌ی له‌سه‌ره‌ و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێكی دیكه‌ كردووه‌.


PM:05:50:20/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 8120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو