پیاوێكی تونسی ئابڕووی ژنه‌كه‌ی خۆی برد
وێستگه نیوزـ
له وڵاتی تونس، ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی له شاری سه‌فاقس، رۆژی پێنج شه‌ممه 27ی حوزه‌یرانی 2024، لێكۆڵینه‌وه‌یان له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستپێكردووه كه تایبه‌ته ژنێك كه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كان په‌رستاره، ئه‌و ژنه له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه به دزینی ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی، تۆمه‌تبار ده‌كرێت و له تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تونسیش ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له پیاوه‌كه گیرا و ده‌ڵێن "ئابڕووی ژنه‌كه‌ی بردووه".
پیاوه‌كه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه، تێیدا كۆمه‌ڵێك ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌ڵێت ژنه‌كه‌ی ئه‌وانه‌ی له نه‌خۆشخانه دزیوه و له ماڵه‌وه هه‌ڵیگرتووه، خه‌ریكه ماڵه‌كه ده‌كات به ده‌رمانخانه و داوا له سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌كات، به په‌له ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و ده‌رمانی تونسییه‌كان بپارێزن و رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر.
گرته ڤیدیۆییه‌كه هه‌زاران بینه‌ر و كاریگه‌ریی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، چالاكوانانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كۆمێنتی جیاوازیان بۆ نووسیوه، له‌وانه هه‌ندێكیان ده‌ستخۆشی له ره‌فتاری پیاوه‌كه ده‌كه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خستووه‌ته پێش به‌رژه‌وه‌ندی ژنه‌كه‌ی.
هه‌ندێكی دیكه‌یان ره‌خنه‌یان له پیاوه‌كه گرتووه و به كارێكی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی ده‌زانن، بۆ ئه‌و ناكۆكیانه‌ی له نێوان پیاوه‌كه و هاوسه‌ره‌كه‌یدا دروست بووه.
ژماره‌یه‌ك كۆمێنتی دیكه، ده‌رگای گفتوگۆی به‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌رمانی نه‌خۆشخانه گشتییه‌كاندا كردووه‌ته‌وه كه پڕه له دزی و پێشێلكاری و گه‌نده‌ڵی.
مه‌نسه‌ف مه‌لاته چالاكوانێكی تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی توونسه و له تویتێكیدا ده‌ڵێت: "پیاوه‌كه له تاوانه‌كه‌دا به‌شداره، چونكه پێشتر ره‌فتاره‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ی شاردووه‌ته‌وه و هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كردووه، تا ئه‌و كاته‌ی ناكۆكی كه‌وتووه‌ته نێوانیان، ئینجا هاتووه تۆڵه‌ی لێده‌كاته‌وه و ئاشكرای ده‌كات".
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌كات زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان، به‌ده‌رنین له‌م جۆره ره‌فتاره نا ئه‌خلاقییانه، هه‌ندێك كارمه‌ند ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌كه‌یان ده‌قۆزنه‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌رمانی ته‌ندروستی گشتیدا ده‌گرن، داوا ده‌كات پێویسته لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشێلكاریانه بكرێت.
سه‌یف هانی یه‌كێكی دیكه‌یه له چالاكوانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، لای خۆیه‌وه ره‌خنه له ره‌فتاری پیاوه‌كه ده‌گرێت و گله‌یی ئه‌وه‌ی لێده‌كات ئابڕوی ژنه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌مواندا بردووه.
سه‌یف ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، باشتر بوو پیاوه‌كه، قه‌ناعه‌ت به هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات، واز له‌و جۆره ره‌فتارانه‌ی بێنێت و چیتر دووباره‌یان نه‌كاته‌وه.
چالاكوان به‌دیع حه‌مدی، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت پیاوه‌كه خاوه‌ن پرنیسپه، چونكه به‌رپرسیاره‌تیه‌كه‌ی گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی و ویستویه‌تی چیتر ده‌رمانی نه‌خۆشه‌كان نه‌دزرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی كاری دزیه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌تی.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌رێتی ته‌ندروستی له شاری سه‌فاقس رایگه‌یاند سه‌باره‌ت به‌م پرسه و بۆ سه‌لماندنی راستی و دروستی ئه‌وه‌ی له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا هاتووه، لێكۆڵینه‌وه‌ی كارگێڕی و ئه‌منی ده‌ستی پێكردووه، هه‌روه‌ها په‌رستاره‌كه و هاوسه‌ره‌كه‌شی بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان بانگ‌كراون.
PM:08:49:28/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 4780
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت