كچه‌ بلۆگه‌ره‌ عێراقییه‌كه‌ سزا درا


وێستگه‌ نیوزـ

دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ له‌ به‌غدای پایته‌خت سزادی كچه‌ بلۆگه‌رێكی عێراقیی به‌ناوی "شه‌هد تائی" دا كه‌ مانگی ته‌مموزی رابردوو بێڕێزیی به‌رامبه‌ر ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس به‌پله‌ی رائید كردبوو.

له‌ 28ی ته‌مموزی 2023، ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا دوو كچ به‌كژ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی هاتوچۆدا چوونه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت لێشیان داوه‌، ئه‌و دوو كچه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌یان كه‌ له‌ جۆری "تاهۆ" بووه‌، له‌ شوێنێكی رێگه‌پێنه‌دراو راگرتبوو، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ش به‌ناوی موهه‌نه‌د جه‌میل به‌ پله‌ی رائید، به‌هۆی ئه‌و سه‌رپێچییه‌وه‌ بڕیاریداوه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی شه‌هد تائی، كچه‌ بلۆگه‌ر ره‌وانه‌ی گۆڕه‌پانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن بكات.

 به‌پێی میدیا عێراقییه‌كان كه‌ له‌وكاته‌دا هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردبوه‌وه‌، كچه‌كه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕیبوو، وه‌ك له‌ ڤیدیۆكه‌شدا ده‌ركه‌وتبوو، كچه‌كه‌ په‌لاماری روتبه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی داوه‌و كراسه‌كه‌شی دڕاندوه‌و پێی وتوه‌: ده‌بێت روتبه‌كانت پێ دانێم و بتنرێمه‌وه‌ بۆ لای خوشكه‌كه‌ت له‌ ماڵه‌وه‌ دابینیشیت".

له‌كاتی ئاماده‌بونی پۆلیسی فریاكه‌وتن بۆ كۆتایی هێنان به‌ گرژییه‌كه‌ و بردنی كچه‌كه‌ بۆ بنكه‌ی پۆلیس، ئۆتۆمبیلێكی ره‌نگ سپیی حكومی وه‌ستاوه‌، شۆفێره‌كه‌ی خۆی ناساندوه‌ كه‌ په‌رله‌مانتار (به‌ها نوری)یه‌ و ویستویه‌تی به‌رگری له‌ كچه‌كه‌ بكات، دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی تێكه‌ڵبونی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ كێشه‌كه‌، ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ناوبراو سه‌ربه‌ ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا بووه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نوری مالیكی، له‌به‌ر خۆهه‌ڵقورتاندن له‌و كێشه‌یه‌ش ئیئتلافه‌كه‌ ده‌ستبه‌رداری په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی خۆی بوو و له‌كاره‌كه‌ی دوری خسته‌وه‌.

دواجار رۆژی دووشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلولی 2023، دادگای كه‌رخ له‌ به‌غدا دوای دانپێدانانی بلۆگه‌ره‌كه‌ به‌ كردوه‌كانیدا، كۆتایی به‌ دۆسیه‌كه‌ هێنا و شه‌هد تائی، كچه‌ بلۆگه‌ر و كچێكی دیكه‌ش به‌ناوی دنیا ئه‌حمه‌د كه‌ له‌گه‌ڵیدا بووه‌، به‌ شه‌ش مانگ زیندانی سزادا.



PM:06:00:05/09/2023














ئه‌م بابه‌ته 7884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو