ئیلهام ئەحمەد بە ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سوریا دەستنیشان کرا

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەرسوومی ژمارە (200)ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد، کە تایبەتە بە دەستنیشانکردنی سیاسەتمەداری دیاری کورد، ئیلهام حەنان ئەحمەد، وەک ئەندام لە ئەنجوومەنی گەل بۆ پڕکردنەوەی کورسیی بەتاڵی ئەندامێکی سەربەخۆ، بەمەش ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە 205 ئەندامەوە بۆ 206ئەندام بەرزبووەوە.

دەرکردنی ئەم مەرسوومە پشتی بە حوکمەکانی ڕاگەیاندنی دەستووری بەستووە، بەتایبەت ماددەی (24)، هەروەها حوکمەکانی ماددەی (45) لە مەرسوومی ژمارە 143، کە دەقەکەی ئاماژە بەوە دەکات سەرۆککۆمار جێگرەوەیەک بۆ هەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی گەل دەستنیشان دەکات، جا چ هەڵبژێردراو بێت یان دەستنیشانکراو، لە حاڵەتی مردن، دەستلەکارکێشانەوە یان لێسەندنەوەی ئەندامێتییەکەی.

بەپێی ئەم حوکمانەش، سەرۆککۆمار ئەرکی ناونانی جێگرەوەکە دەگرێتە ئەستۆ بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکە، بە جۆرێک کە بەردەوامیی کارەکانی ئەنجوومەن و دابینکردنی رێژەی یاسایی و نوێنەرایەتیی پەرلەمانی مسۆگەر بکات.

ئیلهام ئەحمەد بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتی و سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دادەنرێت و پێشتر چەندین پۆستی باڵای سەرکردایەتیی لە ئیدارەی خۆسەری هەڵوەشاوە و ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتدا بەڕێوەبردووە.


PM:05:54:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو