بهرپرسێكی باڵای روسیا: لە لێواری رووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمیداین
وێستگەنیوز- بابان عومەر
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا رایدەگەیەنێت، ئەو لایەنانەی بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ رووبەڕووی مۆسکۆ دەبنەوە بارودۆخێکیان هێناوەتە ئاراوە کە رێگە بە روسیا بدات گورزی ئەتۆمی بوەشێنێت، هاوکات مەرجەکانی دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیەش رووندەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دمیتری مێدڤێدێڤ لە وتارێکدا باسی لە گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و بەرەی رۆژئاوا کرد و رایگەیاند: "لە رووی رواڵەتییەوە ئەو لایەنەی بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ رووبەڕوومان دەبێتەوە (ئۆکرانیا، وڵاتانی ناتۆ و ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوایی) بوونەتە هۆی دروستکردنی بارودۆخێک کە تێیدا روسیا رێگەی پێدەدرێت گورزی ئەتۆمی بوەشێنێت".
لەگەڵ ئەوەشدا، مێدڤێدێڤ ئاماژەی بەوە کرد کە مۆسکۆ پێش دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ئاستی گونجانی زیانەکان لەگەڵ رێکارەکانی وەڵامدانەوە دەکات، و وتیشی، سەرۆکی روسیا لەکاتی دەرکردنی بڕیاری لەو شێوەیەدا، "هەمیشە پشت بە شیکردنەوەیەکی گشتگیر بۆ سەرجەم هۆکارەکان و بنەمای گونجان لە نێوان زیانی راستەقینەی کەوتوو و ئەو رێکارانەی بۆ وەڵامدانەوەی دەگیرێنەبەر، دەبەستێت".
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا جەختی لەوە کردەوە، روسیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی لە ئۆکرانیا بەهۆی بوونی هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشەکەی دەستپێکردووە، کە پەیوەست بووە بە ئاراستەی کیێڤ بەرەو چوونە ناو هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
بە وتەی مێدڤێدێڤ، ئەو بابەتە بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازە لە جووڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ئێران وەک نموونە، و لەو بارەیەوە وتی: "جیاوازییەکە لەگەڵ ئەو رێکارە خۆپارێزییانەدا دەردەکەوێت کە روسیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەدا گرتوویەتییەبەر، ئەوەش بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان".
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، پێشتر ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رەتیکردبووەوە وڵاتەکەی نیازی هێرشکردنە سەر ناتۆی هەبێت، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبارکرد بەوەی جیهان بەرەو لێواری جەنگێکی ئەتۆمی پاڵدەنێن.
هاوکات ئەم هەڵوێستانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی رۆژئاوادا دێن سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، فراوانبوونی هاوکارییە سەربازییەکانی ناتۆ و بڵاوکردنەوەی چەک لە نزیک سنوورەکانی روسیا.
PM:12:16:23/11/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت