ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیارنامەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێرانی رەتکردەوە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 51 دەنگی "نەخێر" بەرانبەر بە 48 دەنگی "بەڵێ"، ئەو بڕیارنامەیەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رەتکردەوە کە ئامانج لێی ناچارکردنی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران.


لە میانی دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی پیراندا، هەریەک لە سوزان کۆلینز، لیزا مورکاوسکی و راند پۆڵ وەک 3 سیناتۆری کۆمارییەکان، شانبەشانی زۆرینەی دیموکراتەکان دەنگیان بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەکە دا، بەڵام لە ریزەکانی دیموکراتەکاندا سیناتۆر جۆن فێتەرمان تاکە ئەندام بوو کە بە "نەخێر" دەنگی دا، هاوکات سیناتۆر کریس مێرفی لە دیموکراتەکان بەهۆی نەخۆشیی جەڵتەی مێشکەوە نەیتوانی ئامادەی پرۆسەی دەنگدانەکە ببێت.

لە لایەکی دیکەوە، سیناتۆر تۆم تیلیس لە کۆمارییەکان کە پێشتر پشتگیریی لە هەوڵێکی هاوشێوە کردبوو، ئەمجارە دەنگی بە رەتکردنەوەی بڕیارنامەکە دا و هەنگاوەکەی بە "نمایشێکی سیاسی" ناوبرد، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە پێی باشترە لە رێگەی بودجەی جەنگەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکرێت.
ئەم بڕیارنامەیە پێشتر لەلایەن سێس مۆڵتن، کۆنگرێسمانی دیموکراتەکانەوە پێشکەش کرابوو و لە رۆژی 15ی ئەیلوولی 2026 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 220 دەنگی "بەڵێ" بەرانبەر بە 204 دەنگی "نەخێر" پەسەند کرابوو.


AM:10:05:20/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت