مۆساد داوای هێرشی سەربازیی هاوبەش لە دژی ئێران لە ئەمریکا دەکات

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا داوای ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکی و ئیسرائیلی کردووە بۆ سەر ئێران، هاوکات سوپای ئەمریکا رێکارەکانی گەمارۆی دەریایی لەسەر گواستنەوەی نەوتی ئێران توندتر کردەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی کەشتییە سەرپێچیکارەکان دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، رۆمان گۆفمان، سەرۆکی مۆساد، هەفتەی رابردوو لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا کۆبووەتەوە، لە نێویاندا جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، وە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە ئێران پێشکەش کردوون بۆ پاڵپشتیکردنی داواکارییەکەی.

میدیاکانی ئیسرائیلیش ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرۆکی مۆساد سەردانی شاری میامیشی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە سەرکردایەتیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن دەکات سەبارەت بە هەردوو دۆسیەی ئێران و ئۆکرانیا.

لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، هەر کەشتییەک لە ناوەڕاستی دەریادا بار لە کەشتییەکی دیکەی بارکراو لە ئێرانەوە وەربگرێت، بە هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە گەمارۆکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێت، هۆشداریشی داوە، ئەو کەشتییانە رووبەڕووی راگرتن، هەڵکوتانە سەر، گۆڕینی رێڕەو، دەستبەسەرداگرتن یان گەڕاندنەوە بۆ بەندەرە ئێرانییەکان دەبنەوە، وە لە ئەگەری پابەندنەبوونی دەستبەجێ بە فەرمانە یاساییەکان، هێزیان لە دژ بەکاردەهێنرێت.


PM:10:21:18/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت