میدیاکانی ئیسرائیل: ترەمپ و ناتانیاهۆ لەسەر شەڕی ئێران دەمەقاڵێیان کردووە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
میدیا ئیسرائیلییەکان پەردەیان لەسەر دروستبوونی ناکۆکییەکی توند لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لادا و ئاشکرایان کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کۆتایی هەفتەی رابردوودا رووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر گەرم لە نێوانیاندا دروستبووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" و ماڵپەڕی "وای نێت"، ناتانیاهۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا فشاری زۆری کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ و لێدانی تاران بە ئامانجی گۆڕینی رژێم، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بە تەواوی داواکەی رەتکردووەتەوە و پێداگریی لەسەر بەردەوامیدان بە رێڕەوی دیپلۆماسی و فشارە ئابوورییەکان کردووە و رایگەیاندووە، لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ شەڕ نابینێت. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەیوەندییەکە گەیشتووەتە ئاستی "دەمەقاڵێیەکی توند و پڕ لە هاوارکردن".
هاوکات رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" بڵاویکردووەتەوە، ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی رۆژانە پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات تا شەڕی سەرتاسەری دژی ئێران دەستپێبکاتەوە، بەڵام ترەمپ خۆی لە گەڕانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەدوور گرتووە. ئەم ناکۆکییەش لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئێران پێشینەی هەیە، بە جۆرێک ترەمپ لە یەکێک لە پەیوەندییەکانی پێشوویاندا ناتانیاهۆی بە "شێتێکی تەواو" وەسف کردبوو.
PM:02:25:12/11/2026
ئهم بابهته 24
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت