عەراقچی بۆ ترەمپ: ئەمریکییەکان بێزارن لەوەی ئیسرائیل وڵاتەکەیان پەلکێشی جەنگی بێکۆتایی دەکات

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەلی ئەمریکا بێزار بوون لەوەی ئیسرائیل لە رێگەی فریودانی ئیدارەکانی واشنتۆنەوە، وڵاتەکەیان بەرەو جەنگی بێکۆتایی دەبات.


عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، گرتەیەکی ڤیدیۆیی چاوپێکەوتنێکی دۆناڵد ترەمپی لەگەڵ رۆژنامەنووس رۆس دووسات لە تۆڕی "سی بی ئێس" بڵاوکردەوە، کە تێیدا ترەمپ باسی لە کاردانەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردبوو بەرانبەر جەنگی ئێران و وتبووی: "ئەوان جەنگەکەیان بەدڵ نەبوو، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیشیان پێ ناخۆش بوو، هەروەها ناڕەزایەتی و دژایەتییەکی زۆریش بەرانبەر ئیسرائیل دروستبووە"، هاوکات ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو لە ئێستادا بە دووری دەزانێت بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ بدات، بەڵام هێزەکانیان لە ناوچەکە بۆ هەر فەرمانێک ئامادەن.

لە وەڵامی ئەم قسانەدا، عەراقچی باسی لەوە کردووە، سەرۆکی ئەمریکا بە روونی تێدەگات کە زۆربەی گەلی ئەمریکا هەست بە بێزاری لە ئیسرائیل دەکەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە وا دیارە ترەمپ لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە تێنەگەیشتووە و سەری لێ شێواوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران روونیشیکردووەتەوە: "روونە ئەمریکییەکان لەوە بێزارن کە ئیسرائیل لە رێگەی چەواشەکردنەوە حکومەتەکانی ئەمریکا پەلکێشی ناو جەنگە بێکۆتاییەکان دەکات؛ ئیتر پەیمانە و ئارامیی ئەمریکییەکان پڕ بووە، بە هەمان شێوە ئارامیی ناوچەکەشمان کۆتایی هاتووە".
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکرد، دواتر لە نیساندا ئاگربەست هاتە ئاراوە، بەڵام لە مانگی تەمووزدا و لە سایەی پەککەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەستیان پێکردەوە.


PM:02:14:09/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت