ترەمپ 2 هەفتە بۆ بڕیاردان لەسەر ئێران دیاری دەکات
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سپی، کۆمەڵێک هەڵوێستی توندی لەبارەی داهاتووی ململانێکان لەگەڵ ئێران و چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە خستەڕوو، هاوکات ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 2 هەفتەی داهاتوودا چەند بڕیار و هەنگاوێکی گەورە دەگرێتەبەر.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا جەختی لەوە کردەوە، گرنگ نییە پێشنیازەکان چی لەخۆدەگرن، چونکە لە کۆتاییدا ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، باسی لەوەش کرد کە کاتی یەکلاکردنەوەی بژاردەکان هاتووە و دەبێت بڕیار بدرێت ئایا رێککەوتن پەسەند بکرێت یان هەنگاوی زیاتر بنرێت، لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکارانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لە نێوان 3 بژاردەدایە کە بریتین لە: دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی، بەردەوامیدان بە گەمارۆی ئابووری، یاخود گەیشتن بە رێککەوتنێک کە سازشی گەورەی تێدابێت.
سەبارەت بە باڵادەستیی سەربازی و هەواڵگریی وڵاتەکەی، ترەمپ رایگەیاند: "ئێران بەبێ رەزامەندیی واشنتۆن هیچ کارێک ناکات؛ لەو کاتەوەی پێش 7 مانگ بوونمان لەوێ دەستپێکردووە، لەناو ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو شتانەمان کردووە کە دەمانویست". دەربارەی قەبارەی زیانەکانیش ئاماژەی بەوە کرد، ئێران پێویستی بە 25 ساڵە بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی جەنگ بەسەریدا هێناوە، وتیشی: "پێم باشترە ئەگەر بکرێت بەشەکەی دیکەی ئەو وڵاتە وێران نەکەم، بەڵام رەنگە ناچار بین ئەوە بکەین و بەم زووانە هەمووان بڕیارەکە دەزانن".
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و رەوانەکردنی 3یەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگریش بۆ ناوچەکە وەک ئامادەکاری بۆ هێرش لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە رێگەی نێوەندگیریی قەتەر و پاکستانەوە بەردەوامن.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، بەرپرسانی ئێران مەرجی قورسیان دیاریکردووە؛ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبووەوە و رایگەیاند، تاران 7 مەرجی بۆ ئەمریکا داناوە و تا ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن، نە دانوستان ئەنجام دەدرێت و نە گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
AM:09:34:06/11/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت