هەڕەشەی بۆمب هاتووچۆی ئاسمانیی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا شێواند

‌

وێستگەنیوز-

بەهۆی زنجیرەیەک هەڕەشەی هەبوونی بۆمب لەناو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکاندا، هاتووچۆی ئاسمانی لە چەندین وڵاتی کیشوەری ئەوروپا تووشی پشێوی بوو، ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی ئاراستەی گەشتەکان و نیشتنەوەی ناچاریی نزیکەی 9 فڕۆکەی مەدەنی لە فەرەنسا، کۆماری چیک، بولگاریا، بەلجیکا و ئیتاڵیا، هەرچەندە دوای پشکنینی ورد دەرکەوت سەرجەم ئاگادارکردنەوەکان ساختە بوون و هیچ تەقەمەنییەک نەدۆزراوەتەوە.


لە یەکێک لە رووداوە دیارەکاندا، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ئیرلەندی "ئێر لینگۆس" لە جۆری ئەیرباس A320، کە کاتژمێر 06:25ـی بەیانی لە دەبلنەوە بەرەو رۆما فڕیبوو، لە نزیک ئاسمانی پاریس باری نائاسایی راگەیاند و ئاراستەکەی گۆڕدرا بۆ بنکەی ئاسمانیی سەربازیی "ئیڤرۆ" لە نۆرماندی لە باکووری فەرەنسا، سەبارەت بەم رووداوە، نووسینگەی سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا و وەزارەتی ناوخۆ رایانگەیاند کە لە نزیکەوە و بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.

هاوکات لە ئیتاڵیا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە هەستان بە یاوەریکردنی گەشتی ژمارە AY1761ـی هێڵی ئاسمانیی فینلەندی (فینئێر) کە لە هێلسینکییەوە بەرەو رۆما دەچوو، تاوەکو لە کاتژمێر 09:27 لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆ لە رۆما نیشتەوە، لەو بارەیەوە ستینا تۆنانین، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە هێڵی فینلەندی بە کەناڵی Yle راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەم ئاگادارکردنەوەی بوونی بۆمبیان پێگەیشتووە، بەڵام دواتر روونبووەتەوە کە بێبنەما بووە و پاش پشکنینیش هیچ شتێکی نائاسایی لە فڕۆکەکەدا نەدۆزراوەتەوە.

لە کۆماری چیک، پۆلیسی ئەو وڵاتە ئاشکرایکرد کە بەهۆی هەڕەشەی بوونی بۆمبی دەستکرد لەناو 4 فڕۆکەی نەفەرهەڵگر کە بەرەو پراگ دەهاتن، رێوشوێنی توندی ئەمنی لە فڕۆکەخانەکە گیراوەتەبەر؛ پۆلیس باسی لەوە کردووە هەرچەندە پێیان وابووە هەڕەشەکان جدی نین، بەڵام بۆ زامنکردنی سەلامەتیی گەشتیاران سەرجەم رێکارە ئەمنییەکانیان جێبەجێ کردووە. لە بولگاریاش 3 فڕۆکە بە شێوەیەکی بەپەلە نیشتنەوە کە یەکێکیان سەر بە هێڵی رایانئێر بوو لە لەندەنەوە بۆ سۆفیا، هەروەها فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی پۆڵەندیش دوای راپۆرتێک لەسەر چالاکییەکی گوماناوی، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا نیشتەوە. جگە لەوانەش، لانی کەم 4 گەشتی کۆمپانیای رایانئێر لەگەڵ فڕۆکەکانی هێڵەکانی ئێس ئەی ئێس، لۆت و ویز ئێر کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم دۆخە ئەمنییەوە.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی سێشەممەی رابردووشدا نزیکەی 7 بۆ 10 گەشتی بازرگانی لە ئەوروپا (لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و پۆڵەندا) رووبەڕووی هەمان هۆشداریی لەناکاو بووبوونەوە، کە بووە هۆی هەڵفڕینی فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی رۆمادا و داخستنی فڕۆکەخانەیەک لە وارشۆ بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵام هیچ تەقەمەنییەکیان تێدا نەدۆزرایەوە.

ئەم زنجیرە هەڕەشە ئەمنییە لە کاتێکدایە کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەوروپا لە ئامادەباشیی بەرزدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە "جەنگێکی تێکەڵ" یان کردەوەیەکی تێکدەرانە بەرامبەر هێڵەکانی گواستنەوەی مەدەنی؛ بەتایبەت پاش ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا هێرشێکی سایبەری سیستەمی ساردکەرەوەی فرۆشگاکانی لە بەلجیکا و سوید پەکخست و لە شارەکانی پاریس و فرانکفۆرتیش توندوتیژی و ناڕەزایەتی.


PM:02:12:05/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت