دۆناڵد ترەمپ: چیتر پارە بە ئیسرائیل نادەین

‌

وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کۆمەڵێک پەیامی هەستیاری لەبارەی راگرتنی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئیسرائیل، باڵادەستیی سەربازیی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز و بۆردومانکردنی پێگەیەکی ئێرانی، لەگەڵ پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا خستەڕوو.


ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد، دوای وتووێژ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریان داوە لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرجەم هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ تەلئەڤیڤ رابگرن.

ترەمپ وتی: "ئیسرائیل خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە و پێویستی بەم هاوکارییە داراییانە نییە، ئەگەر پێویستیان بووایە دەمگوت بەردەوام بن، بەڵام چیدی پارەی زیادەیان پێنادەین". ناوبراو روونیشیکردەوە کە ئەم بڕیارە بە واتای بایکۆتی سەربازی نایەت، بەڵکو ئیسرائیل دەتوانێت هەر جۆرە چەکێکی ئەمریکی پێویست بێت بیکڕێت.

لە رەهەندە سەربازییەکەی ناوچەی کەنداو، ترەمپ هەژموونی هێزەکانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و وتی: "ئێمە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە و توانای ئەوەمان هەیە ئێران لەناو ببەین". هەروەها لەبارەی پێشهاتە سەربازییەکانی دوێنێ ئاشکرای کرد: "ئێران دامەزراوەیەکی بەرگریی ئاسمانیی دروستکرد، بەڵام دەستبەجێ دوای تەواوبوونی کارەکانی، هێزەکانمان بە چڕی بۆردومانیان کرد".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئەمریکاش، ترەمپ داوای لە دەنگدەران کرد بەرگری لە مانەوەی ئەمریکا وەک هێزێکی مەزن بکەن و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژوودا ناوبرد بۆ گەڕاندنەوەی مەزنی بۆ وڵاتەکە. لە هەمان کاتدا هێرشی توندی کردە سەر دیموکراتەکان و تۆمەتباری کردن بەوەی کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی ئالاسکا خەریکی ئەنجامدانی ساختەکارین.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ترەمپ باسی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا کرد و رایگەیاند کە دانوستانەکانیان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن و لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی دابینکردنی پەینی کیمیایی لەگەڵ کەنەدا زۆر نزیک بوونەتەوە.


PM:05:24:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت