بە نێوەندگیریی ئەمریکا شاندی ئۆکرانیا و رووسیا کۆدەبنەوە

‌

لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ راگرتنی شەڕی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، بڕیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژانی 10 و 11ی تشرینی دووەم لە شاری ئەبووزەبی پایتەختی ئیمارات، سەرپەرشتیی دانوستانێکی نوێ لەنێوان شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینادا بکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاگربەست و داڕشتنی چوارچێوەی ئەمنیی قۆناغی دوای جەنگ.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە لەگەڵ جارید کۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەرپەرشتیی شاندی وڵاتەکەیان دەکەن لە گفتوگۆکانی ئەبووزەبیدا، ویتکۆف ئاماژەی بەوە کردووە کە کارنامەی دانوستانەکان لەسەر ئاستی کارکردن دەبێت و پرسی رێککەوتننامە ئەمنییەکانی دوای شەڕ، هێورکردنەوەی گرژییەکان، رێکارە مرۆییەکان و گەیشتن بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە لەخۆدەگرێت.

هاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوەکەی ئیمارات، دانوستانکارانی ئەمریکا لە برۆکسل لەسەر ئاستی کارکردن لەگەڵ نوێنەرانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ کۆدەبنەوە، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بریتین لە: دەستەبەرکردنی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراینا، پێکهاتەی ئەمنیی داهاتووی کیشوەری ئەوروپا، لەگەڵ دەرفەت و پاڵپشتییە ئابوورییەکان بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا.

بەپێی زانیارییەکان، ئامادەکاری بۆ ئەم گەڕەی دانوستان لە دوای زنجیرەیەک دیدار و پەیوەندیی دیپلۆماسی دێت؛ لەوانە کۆبوونەوەی دوو هەفتە لەمەوبەری ویتکۆف لەگەڵ ڤلادیمیێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە شاری سانت پترسبۆرگ، هەروەها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە 27ی تشرینی یەکەم لە نێوان ئەلێکساندەر ستوب سەرۆکی فینلەندا و یۆناس گار ستۆرە سەرۆک وەزیرانی نەرویج لەگەڵ پوتین دوای راوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی کیێڤ. ئەگەرچی دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا پێشتر رۆژی 4ی تشرینی دووەمی وەک وادەی کۆبوونەوەکە پێشنیار کردبوو، بەڵام لایەنی ئەمریکی رۆژانی 10 و 11ی مانگی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان دیاریکرد.

سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، هەڵوێستی هەردوو وڵات لەسەر مەرجەکانی ئاشتی هێشتا دوورە لە یەکتر. ڤلادیمیێر پوتین جەختی لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ رووسیا و ئۆکراینا و سەرجەم ئەوروپا کردووەتەوە، هاوکات داواکارییەکانی مۆسکۆی لەسەر خاکی دۆنباس دووپاتکردووەتەوە. هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە کە رێگە نادەن ئۆکراینا ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی رووسیا، هەروەها رەخنەی لە بەردەوامیی سزاکان و پڕچەککردنی کیێڤ گرتووە، لەوانەش پەسەندکردنی فرۆشتنی 500 مووشەکی پاتریۆتی مۆدێل (PAC-3) لەلایەن واشنتنەوە بە ئۆکراینا.

لە بەرانبەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا هەر جۆرە سنووردارکردنێکی سوپاکەی یان سەپاندنی بێلایەنیی بەسەر وڵاتەکەیدا رەتکردووەتەوە و جەختی لەسەر ئارەزووی کیێڤ بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ کردووەتەوە. زێلینسکی داوای کۆبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ پوتین دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی خاک دەبێت تەنها لەنێوان سەرکردەکاندا یەکلایی بکرێتەوە، هاوکات خواستی خۆی دەربڕیوە کە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ فراوانەکان بە بەشداریی ئەمریکا، رووسیا و چین، لە ئەبووزەبی لەگەڵ شاندەکانی ئەمریکا و رووسیادا کۆببێتەوە.


PM:12:08:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت