سەرۆک وەزیرانی عێراق: پێش بڕی نەوتەکە، داتای ڕاستەقینەمان دەوێت بۆ ناردنی پشکی هەرێم
وێستگەنیوز -
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ دانانی چەکەکانیان داوای پۆستی سیاسی و حکومی دەکەن و هەنگاوەکەش بە ئەرێنی ناودەبات، دەشڵێت، عەلی زەیدی وتویەتی کێشەی بەغدا بڕی نەوتەکە نییە، بەڵکو دەبێت داتاکانی بەرهەمهێنان شەفاف و ڕاستەقینە بن.
محەمەد تەمیم جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق داوای پۆستیان کردووە بۆ وازهێنان لە چەک، ئەوەش شتێکی باشە؛ کاتێک دەیانەوێت دەستبەرداری چەک بن، بێگومان خواستی ئەوەیان هەیە لە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی و حزبیدا کار بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد دەستبەرداربوونی چەک لە بەرژەوەندیی گشتییە و وتی: لە جیاتی ئەوەی چەک هەڵبگرن و چەکەکەیان وەک سیستمێکی سیاسی، دەوڵەت و گەل کێشەمان بۆ دروست بکات، بەم شێوازە دەبنە بەشێک لە سیستمی سیاسی؛ ئەوان هەموویان هاوڕێ و برای ئێمەن و دەچنە پاڵ لایەنەکانی دیکە لە پرۆسەی سیاسیدا.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆسیەی نەوت، جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە: "عەلی زەیدی ئامادەیە بەبێ سنوور گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسەکان بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان باس لە بەرهەمهێنانی 265 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەکات، لە کاتێکدا کۆمپانیای ماکنزی ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ خودی هەرێم ڕاپۆرتێکی دەرکردووە و باس لە بەرهەمهێنانی 425 بۆ 455 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو: عەلی زەیدی وتوویەتی ئەگەر هەرێم تەنانەت 1000 بەرمیلیش بەرهەم بهێنێت، من پشکی تەواوی هەرێمی کوردستان دەنێرم، بەڵام دەبێت ئەم پرسە یەکلایی بێتەوە؛ ناکرێت لە ڕاپۆرتێکی لاوەکیدا باسی 400 هەزار بەرمیل بکرێت و لای ئێمەش 200 هەزار بەرمیل تۆمار بکرێت، با 200 هەزار بێت کێشە نییە، بەڵام گرنگە ژمارەکە ڕاستەقینە بێت.
محەمەد تەمیم ئاماژەی بەوەش دا، عەلی زەیدی داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە ڕێگە بە لیژنە هونەرییەکان بدات پێکەوە چاودێریی ژمێرەرەکانی بڕی نەوتەکە بکەن و ڕۆژانە ئاماری بەرهەمهێنان بدەن بە بەغدا تاوەکو لە کۆتایی مانگدا کۆبکرێتەوە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوەی دەگیرێتەبەر "دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی نییە، بەڵکو ڕێکارێکی پێویست و کارگێڕییە."
AM:09:57:02/11/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت