ترەمپ بۆ ئێران: لە قۆناغێکدا ناچار دەبین لێدانێکی کوشندەیان لێ بدەین
وێستگەنیوز-
سەرەڕای بەردەوامیی دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە نێوەندگیریی دەوڵەتی قەتەر بۆ راگرتنی جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی توندی بۆ سەر تاران دووپاتکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، لە وتارێکدا لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی ئایۆوا، پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، رایگەیاند کە رەنگە وڵاتەکەی لە قۆناغێکدا ناچار بێت لێدانێکی کوشندە ئاراستەی ئێران بکات، بەبێ ئەوەی کاتی هێرشەکە ئاشکرا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەم لایەنگرانیدا هۆکاری دواخستنی هێرشەکانی بۆ هەوڵدان لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵک گەڕاندەوە و وتی: "هۆکاری ئەوەی تا ئێستا کۆتاییم بە ئێران نەهێناوە، ئەوەیە دەمەوێت نەرم بم، دەمەوێت هەوڵ بدەم هەموو ئەو گیانانە رزگار بکەم ئەگەر بۆم بکرێت، بەڵام لە قۆناغێکدا ناچار دەبین لێدانێکی کوشندەیان لێ بدەین".
ئەم لێدوانە نوێیەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە ململانێ سەربازییەکە لە 28ـی شوبات بە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەریهەڵدا و تاران بە ئامانجگرتنی چەند وڵاتێکی کەنداو وەڵامی دایەوە. دواتر لە مانگی نیساندا ئاگربەستێک واژۆکرا کە کۆتایی بە نزیکەی 40 رۆژ لە بۆردومانی چڕ هێنا، هەروەها لە مانگی حوزەیرانیشدا یاداشتێکی دیکەی رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە ئەنجامدرا، بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە لە دواییدا شکستیان هێنا.
AM:08:38:02/11/2026
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت