ترەمپ: بەمزووانە سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر ئێراندا ڕادەگەیەنین
وێستگەنیوز –
دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، ئێران هاوشێوەی ڤەنزوێلا بەمزووانە دەچێتە لیستی سەرکەوتنەکانی ئەمریکاوە، و جەختیشی کردەوە کە واشنتن هێزی ئاسمانی و دەریایی تارانی لەناوبردووە.
لە میانەی وتارێکیدا لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە زانکۆی ئۆهایۆ، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران لە دۆخێکی لاوازدایە و تەنیا ژمارەیەکی کەم مووشەکی بەدەستەوە ماوە، هەروەها بەهۆی پچڕانی کارەباوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە واشنتن بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێرانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ساڵی 1979ـەوە شەڕی دژی ئەمریکا هەڵگیرساندووە و بەرپرسیارە لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەمریکی.
ئەم وتارانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی ئاراستەی موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ڕێگریکردن لە لێدانی سەربازی.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی واشنتن هۆشدارییان داوەتە هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی 3ـی تشرینی دووەم، چونکە پێشبینی دەکرێت تاران وەڵام بداتەوە و کەرتی وزە و ژێرخانی ناوچەکە بکاتە ئامانج.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هێرشەکان نەداوە، بەڵام واشنتن لە کاتێکدا هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد دەکات، هەوڵی دیپلۆماسیش دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک سەبارەت بە گەرووی هورمز و پرسی ئەتۆمی.
AM:09:44:29/10/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت