ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل؛ بەرەی ناتانیاهۆ پێشەنگە
وێستگەنیوز-
لە یەکەمین هەڵبژاردنی گشتیی دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە ئیسرائیل، ئەنجامە بەراییەکان پێشکەوتنی بەرەی بنيامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئێستای وڵاتەکە نیشان دەدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە بەرە رکابەرەکان نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستەبەر بکەن.
بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراونەتەوە، دوای جیاکردنەوەی 41.9%ی دەنگەکان لە کۆی 120 کورسییەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، پارتی لیکوود بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ 28 کورسی مسۆگەر کردووە و کۆی کورسییەکانی بەرەی هاوپەیمانانی گەیشتووەتە 57 کورسی. لە بەرانبەردا، بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت 47 کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها پارتە عەرەبییەکانیش خاوەنی 16 کورسین.
دابەشبوونی کورسیی پارتە سەرەکییەکان بەم جۆرەیە:
پارتی لیکوود (ناتانیاهۆ): 28 کورسی
پارتی یاشار (ئایزنکۆت): 21 کورسی
لیستی هاوبەشی عەرەبی: 12 کورسی
پارتی پێکەوە: 11 کورسی
تەوڕاتی جوو: 8 کورسی
ئیسرائیل ماڵمانە: 8 کورسی
هێزی جوو (ئیتمار بن غەفیر): 7 کورسی
زایۆنیزمی ئایینی (بێزالێل سمۆتریچ): 7 کورسی
شاس: 7 کورسی
دیموکراتەکان: 7 کورسی
پارتی رەعەم (مەنسوور عەباس): 4 کورسی
هاوکات هەریەک لە پارتەکانی (یەدەگەکان بە 2.72%، گەلی ئیسرائیل بە 1.77% و جەماوەری حەریدی بە 0.26%) نەیانتوانی بەربەستی یاسایی 3.25% ببڕن و لە چوونە ناو پەرلەمان بێبەش بوون.
بەگوێرەی یاسای ئیسرائیل، پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە مسۆگەرکردنی لانیکەم 61 کورسی هەیە لە پەرلەمان. لەم هاوکێشەیەدا هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهۆ تەنها پێویستی بە 4 کورسیی دیکەیە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە، لە کاتێکدا لایەنە عەرەبییەکان رۆڵێکی گرنگ لە هاوسەنگیی هێزدا دەگێڕن، بەڵام ئایزنکۆت کە هاوکات سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپایە، هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان بە دوور دەزانێت.
لە لایەکی دیکەوە، رێژەی بەشداریی هاوڵاتییان لە دەنگداندا گەیشتە 77.7%، کە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 بە رێژەی 7 خاڵی سەدی زیادی کردووە و لە ساڵی 1999ـەوە بەرزترین ئاستی بەشداریکردنە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوودا.
لە کاردانەوەی بەرانبەر ئەنجامەکان، کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیان بنيامین ناتانیاهۆ لە شاری قودس لە بەردەم لایەنگرانیدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "پێویستە حکومەتێکی راستڕەوی بەهێز پێکبهێنین". ناتانیاهۆ ئاماژەی بە سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد و دۆخەکەی بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی ئێران ناوبرد، بێ ئەوەی بە فەرمی سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە رابگەیەنێت.
لە بەرانبەردا، گادی ئایزنکۆت لە کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەڤیڤ لەبەردەم جەماوەرەکەیدا رایگەیاند، دەنگدەران دژی بەردەوامبوونی ناتانیاهۆ لە سەرۆکایەتیی وەزیران دەنگیان داوە و داوای لێکرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کاری سیاسی رابگەیەنێت. لە نێو ئامادەبووانی هۆڵەکەی تەلئەڤیڤدا، کەسایەتییەکانی وەک ئۆهاد بن عەمی (بارمتەی پێشووی دەستی حەماس) و نوا ئەیال (سەربازی یەدەگ بە زیاتر لە 360 رۆژ خزمەت) رەخنەی توندیان لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ گرت و داوای گۆڕانکارییان کرد.
چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی ئاڵۆزیی سیستەمی سیاسی و دابەشبوونی دەنگەکان، دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت چەندین هەفتە یان مانگ بخایەنێت، ئەمەش دەرفەت دەداتە ناتانیاهۆ وەک سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە؛ هاوکات ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ جاری دیکە کراوە دەبێت.
AM:08:45:28/10/2026
ئهم بابهته 488
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت