پوتین لە لوتکەی هەناردەکارانی گاز: قۆرخکاریی بۆرییەکان کۆتایی هاتووە و دەبێت رێڕەوی نوێ بدۆزینەوە
وێستگەنیوز-
لە میانی وتارێکیدا لە لوتکەی سەرۆک دەوڵەتانی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز، فلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی رێگای نوێی گواستنەوەی وزە کردەوە و رایگەیاند، قۆرخکاریی هێڵەکانی بۆری چیتر وەڵامدەرەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان نییە و دەبێت وڵاتان پشت بە تەکنەلۆژیای گازی شل و رێڕەوە نوێیەکانی ترانزێت ببەستن.
پوتین ئاماژەی بەوە کرد، گازی سروشتی وەک ژێرخان و سەرەکیترین سەرچاوەی وزە لە جیهاندا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە گەشەپێدانی بەردەوام، دابینکردنی ئاسایشی وزە و پاڵپشتیکردنی کەرتە بنەڕەتییەکانی وەک کشتوکاڵ دەگێڕێت، باسی لەوەش کرد کە تەواوی وڵاتان مافی ئەوەیان هەیە سوود لە سەبەتەی هەمەچەشنی وزە وەربگرن، لەوانەش وزەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە و وەبەرهێنان لە پیشەسازیی گازدا.
سەرۆکی رووسیا روونیکردەوە کە وڵاتەکەی وەک یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە رۆڵ لە سەقامگیریی بازاڕدا دەبینێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و کردارە تێکدەرانەکان بازاڕی جیهانیی وزەیان شێواندووە؛ بۆیە پێویستە لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە باوەڕپێکراوەکان و بەکارهێنانی توانای کۆڕبەندەکە، رووبەڕووی گوشارە ناڕەواکان ببنەوە و دابینکردنی بەردەوامی گاز بۆ هاووڵاتییان و گەرمکردنەوەی ماڵەکان دەستەبەر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، پوتین تیشکی خستەسەر گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هاوپەیمانیی "ئۆپێک پڵەس" لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، داواشی کرد نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ پاراستنی ژێرخانە هەستیارەکانی وزە لە بەرامبەر هەڕەشە هەرێمییەکان دابڕێژرێت و وەبەرهێنانی درێژخایەن بۆ دەیەکانی داهاتوو رابکێشرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی مۆسکۆی بۆ فراوانکردنی مامەڵە و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دەربڕی و ئاماژەی بە پێشینەی هاوکارییە سەرکەوتووەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی، چینی و ئەمریکییەکان کرد، جەختیشی کردەوە کە رووسیا دەتوانێت ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی لە بوارەکانی وزەی ئەتۆمی، کارەبا و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە.
PM:03:15:27/10/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت