ترەمپ بە پەشیمانییەوە لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران: بەفیڕۆدانی کات بوو
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی پێشووی خۆی سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران گۆڕی و رایگەیاند، راگەیاندنی ئاگربەستی کورتخایەن لەگەڵ تاران تەنها کات بەفیڕۆدان بووە و حەزی بەو هەنگاوە نەکردووە.
لە میانەی وتارێکیدا لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی میسیسیپی، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ تاران وتی: "ئاگربەستێکی کورتخایەنمان راگەیاند، بەڵام حەزم لێ نەبوو، رێککەوتنەکە تەنها بەفیڕۆدانی کات بوو، بەڵام وا باشترە گوێ لە بۆچوونی پسپۆڕان بگیرێت".
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئیدارەکەی وەک هەنگاوێکی ئەرێنی رێگەی بە چەند کەشتییەک داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، لە کۆتاییدا هەر بە هەوڵێکی بێسوود و کات بەفیڕۆدان کۆتایی هاتووە.
ئەم لێدوانە نوێیانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر لە مانگی حوزەیراندا و دوای گەیشتن بە یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنی سەرەتایی بە نێوەندگیریی پاکستان، رێککەوتنەکەی وەک "رۆژێکی مەزن بۆ ئاشتیی جیهانی" و سەرەتای "سەردەمێکی زێڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ستایش کردبوو؛ بەڵام ئەو رێککەوتنە زوو هەڵوەشایەوە و نەیتوانی بگاتە قۆناغی دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
هاوکات، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایان کردووە کە ئەگەری وەشاندنی زنجیرەیەک هێرشی نوێ بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە ئارادایە و پێشبینی دەکرێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە 3ی تشرینی دووەم دەست پێ بکات.
لە بەرانبەردا، تاران هۆشداری توندی داوە و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی پێشبینینەکراو دەکات لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی، هەروەها هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی بەئامانجگرتنی بنکە و بەرژەوەندییە نوێیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەستبردن بۆ کێبڵەکانی ئینتەرنێتی ژێر دەریا دەکات.
AM:09:10:27/10/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت