مەسعود پزشکیان: لە مەهاباد لەدایکبووم و شاهیدی فیداکاریی ژنانی کورد بووم لە پاراستنی نیشتماندا

‌

وێستگەنیوز-

مەسعوود پزشکیان، ڕایگەیاند، گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام پێویستی بە گرنگیدان بە تواناکانی ژنان هەیە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی لەدایکبوونی لە مەهاباد، لە نزیکەوە شاهیدی ڕۆڵی ژنانی کورد بووە لە کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە نیشتماندا.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی مێهر، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە گرنگیی پاراستنی پێگەی ژنانی کورد لە مێژوو و کولتووری ئێراندا کردووەتەوە و وتویەتی، داننان بە پێگەی ژنی کورد هەنگاوێکە بۆ ناسین و پاراستنی بەشێک لە ناسنامە و مێژووی وڵاتەکەیان.

پزشکیان باسی لەوە کردووە: ژنی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە یادەوەریی مێژوویی و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی ئێران، داننان بە ژیان، ئەزموون و دەستکەوتەکانیان جگە لە قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لە فەرهەنگی ئەم خاکە، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

سەبارەت بە پەیوەندیی خۆی بە ناوچەکە و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: بۆ من کە لە شاری مەهاباد لەدایکبووم و بە چاوی خۆم لە جەنگی ئێران و عێراق شاهیدی کۆڵنەدانی ژنانی ئەم ناوچەیە بووم، داننان بە ڕۆڵی ئەوان تەنیا گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەو ڕۆڵەیە کە لە بەرگریکردن لە نیشتمان و هاوکات پاراستنی بناغەی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵاندا هەیانبووە.



PM:01:25:25/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت