سەرۆک ئەرکانی ئێران: ترەمپ خەونی هاتنە ناوەوەی کەشتییەکانی بۆ کەنداو دەباتە گۆڕەوە

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی خاتەمولئەنبیا، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و هۆشداریی لە هەر جووڵەیەکی کەشتییە سەربازییەکانی واشنتۆن لە گەرووی هورمز و ناوچەکە دا.


سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتەکانی ترەمپی لەبارەی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و تەواوی تواناکانی وڵاتەکەی بە بێمانا و دژبەیەک ناوبرد و وتی: "ئەو قسانە تەنیا بۆ فریودانی بیروڕای گشتیی جیهان و گەلی ئەمریکا بەکاردەهێنرێن، چونکە ئەگەر دڵنیان هەموو توانا سەربازییەکانی ئێرانیان لەناو بردووە، کەواتە بۆچی کەشتییە جەنگییە ژەنگاوییەکانیان ناوێرن لە گەرووی هورمز و سنوورەکانی ئێران نزیک ببنەوە؟".

عەبدوڵڵاهی روونیکردەوە کە وڵاتەکەی توانیویەتی هێزی دەریایی ئەمریکا لاواز بکات و ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێزەی واشنتۆن لە ناوچەکە و جیهاندا وەک لووتکەی دەسەڵاتی خۆی نمایشیدەکات، چیتر توانای نزیکبوونەوەی لە سنوورە ئاوییەکانی ئێرانی نەماوە. ناوبراو هۆشداریشی دا کە تاران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا رێگە بە گەڕانەوەی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ناو کەنداوی فارس نادات و وتی: "دۆناڵد ترەمپ دەبێت ئەو ئاوات و خەونەی کە سەرباز و کەشتییەکانی بچنە ناو کەنداو، بۆ گۆڕ ببات".

سەبارەت بە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی داهاتووش لەگەڵ واشنتۆن و تەلئەڤیڤ، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند کە سەرکردایەتیی تاران بڕیاری داوە ئەمریکا و ئیسرائیل نوقمی ئەو گێژاوە بکات کە خۆیان دروستیان کردووە. جەختی لەوەش کردەوە کە ستراتیژیی وڵاتەکەی لەوەدایە کە بە درێژکردنەوەی ماوەی رووبەڕووبوونەوەکان، دوژمنەکانی زیاتر بەرەو داڕمان و نوقمبوون لە ناو "زۆنگاوی مەرگدا" پەلکێش بکات.


AM:11:00:24/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت