ریازی سعودییە هێرشی مووشەکی کرایە سەر
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە بیستراوە، ئەوەش هاوکات بووە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشداریی پێشوەختە لەلایەن دەزگاکانی بەرگریی شارستانیی ئەو وڵاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، تەنیا چەند خولەکێک بەر لە بیستنی دەنگی تەقینەوەکان، بەرگریی شارستانی لە پەیامێکی بەپەلەدا هۆشداریی دابووە دانیشتووانی پایتەخت لەبارەی بوونی مەترسیی هێرشێکی ئاسمانی. لە هۆشدارییەکەدا داوا لە هاووڵاتییان کرابوو بە هێمنی رەفتار بکەن، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لە دەرگا و پەنجەرەکان دوور بکەونەوە، پاش تێپەڕینی مەترسییەکەش هۆشدارییەکە هەڵگیرا، هاوکات لە وادی دەواسر و نەجران لە باشووری وڵاتەکە هەمان رێکاری هۆشداریدان گیرابووەبەر.
لای خۆیەوە، سوپای سعوودیە و هێزەکانی هاوپەیمانان رایانگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی مووشەکێکی بالیستی لە ئاسمانی ریازدا تێکبشکێنێت کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستە کرابوو، هەروەها درۆنێکی دیکەشیان لە ئاسمانی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە خستووەتە خوارەوە
.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە حووسییەکان لەم مانگەدا هێرشەکانیان بۆ سەر قووڵایی خاکی سعوودیە و فڕۆکەخانەکانی چڕکردووەتەوە و جەختیان لە بەردەوامیی هێرشەکانیان کردووەتەوە. لەنێو ئەو هێرشانەشدا لە 10ی تشرینی یەکەم هێرشکرابووە سەر فڕۆکەخانەی ریاز، کە بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.
AM:08:35:24/10/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت