لە ئوردن هێرشکرایە سەر کڵێسایەک و لانی کەم 7 کەس کوژران

‌

وێستگەنیوز-

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر کڵێسایەک لە شاری کەرەکی وڵاتی ئوردن لە کاتی ڕێوڕەسمێکی بەخاکسپاردندا، لانی کەم 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.


ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێرشێکی چەکداری کراوەتە سەر کڵێسایەک لە شاری کەرەک لە وڵاتی ئوردن و بەهۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە.

تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئوردن بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەخاکسپاردندا لە کڵێسای حەموود لە شاری کەرەک ڕوویداوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی گولـلە لە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئاکامی ئەو دەستڕێژییەدا لانی کەم 7 کەس کوژراون و 10 کەسی دیکەش برینداربوون، کە دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، دۆخی تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، هاوکات تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان هیچ وردەکارییەکی دیکەیان لەبارەی ناسنامەی هێرشبەرەکان و هۆکاری هێرشەکە نەخستووەتەڕوو.


PM:05:13:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت