فرۆشی دۆلار لە عێراق بە رێژەی 35% دابەزی؛ لە 9 مانگدا 39 ملیار دۆلار فرۆشراوە

‌

وێستگەنیوز-

بەپێی نوێترین داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا قەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە بەهای فەرمی بەراورد بە ساڵی پێشتر زیاتر لە 35% کەمی کردووە، هاوکات تابلۆی پێوەرە نەختی و بانکییەکان بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول چەندین پێشهاتی ئەرێنی و ئاڵنگاریی دارایی دەردەخەن.


بەگوێرەی ئاماری پێنوێنی دارایی بانکی ناوەندی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، بڕی 39 ملیار و 292 ملیۆن دۆلار بە بازرگانان و گەشتیاران فرۆشراوە، لەو بڕە، 37 ملیار و 304 ملیۆن دۆلاری (کە دەکاتە 94.9%) بۆ هاوردەکردنی کاڵا و حەواڵەی دەرەکیی بازرگانان بووە، هاوکات بڕی 1 ملیار و 988 ملیۆن دۆلاریشی (بە رێژەی 5.1%) بە شێوەی کاش دراوەتە گەشتیاران.

ئەم ئاستەی فرۆش، بەراورد بە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 کە تێیدا 60 ملیار و 781 ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو، بە رێژەی 35.5% دابەزیوە، لە ماوەی ئەمساڵدا، بەرزترین ئاستی فرۆش لە مانگی حوزەیراندا بووە بە بڕی 5 ملیار و 857 ملیۆن دۆلار، لە بەرامبەردا لە مانگی ئادار بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و داخستنی ئاسمانی عێراق، فرۆشی دۆلاری نەختینە بە گەشتیاران سفر بووە.

لە مانگی ئەیلوولدا فرۆشی دۆلار 4 ملیار و 21 ملیۆن دۆلار بووە (3 ملیار و 772 ملیۆن بۆ بازرگانی و 249 ملیۆن بۆ گەشتیاران بە نرخی 131 هەزار و 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک)، پێش ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەم نرخی فەرمی بۆ 150 هەزار دینار دەستکاری بکرێت.

تابلۆی پێوەرەکانی بانکی ناوەندی ئاماژە بە چەند نیشانەیەکی ئەرێنی دەکات لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا:

یەدەگی دراوی بیانی لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە 81.538 ملیار دۆلار، بە بەراورد بە 80.633 ملیار دۆلاری مانگی تەممووز، بەمەش 905 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە کە یەکەم بەرزبوونەوەی مانگانەیە لە دوای مانگی شوباتەوە.

یەدەگی زێڕ بە رێژەی 10% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 32.7 ترلیۆن دینار.

جیاوازیی مانگانەی نێوان فرۆش و کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی لە 5 ملیارەوە بۆ 150 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە، دوای ئەوەی کڕینی دۆلار لە وەزارەت بۆ 3.9 ملیار بەرزبووەوە لە بەرامبەر فرۆشتنی 4.0 ملیار دۆلار.

سپاردە بانکییەکان گەشەیان بەخۆیانەوە بینیوە و گەیشتوونەتە 103.1 ترلیۆن دینار (+2% لە مانگی ئاب)، نەختینەی زیادەی لای بانکەکانیش گەیشتووەتە 22.2 ترلیۆن دینار.

پارەدانی ئەلیکترۆنی لە مانگی ئەیلوولدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە بە بەهای 4.56 ترلیۆن دینار لە رێگەی 19.2 ملیۆن پرۆسەوە، هەروەها خەرجیی جزدانی ئەلیکترۆنی لە دوو مانگدا 43% زیادی کردووە.

نەختینەی دەرەوەی بانکەکان بۆ 100.2 ترلیۆن دینار دابەزیوە.

لە بەرامبەر نیشانە ئەرێنییەکاندا، ژمارەکان چەندین گوشار و ئاڵنگاریی گەورە لەسەر دارایی گشتی دەردەخەن:

یەدەگی بیانی هەرچەندە لە مانگی ئابدا کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام لە چاو کۆتایی ساڵی 2025 کە 97.432 ملیار دۆلار بوو، نزیکەی 15.9 ملیار دۆلار (بە رێژەی 16.3%) کەمی کردووە.
قەرزی گشتیی ناوخۆیی لە مانگی ئەیلوولدا بەرزبووەتەوە بۆ 117.2 ترلیۆن دینار (+10.5% لە سێ مانگدا)، شایستەکانی وەزارەتی دارایش لەلای بانکی ناوەندی گەیشتووەتە 80.5 ترلیۆن دینار و مانگانە بە خێرایی 4 ترلیۆن دینار زیاد دەکات.

قەرزی حکومەت لە بودجەی بانکی ناوەندیدا بووەتە 73%ی سەرمایە بیانییەکانی، لە کاتێکدا لە کۆتایی 2025دا تەنها 36% بووە.

خەرجییەکانی دەوڵەت تا مانگی تەممووز 68.3 ترلیۆن دینار بووە لە بەرامبەر داهاتی 39.1 ترلیۆن، داهاتەکان تەنها 57%ی خەرجییان داپۆشیوە و کورتهێنانی کەڵەکەبوو گەیشتووەتە 29.2 ترلیۆن دینار.
قەرزە دواکەوتووەکان بە رێژەی 5% زیادیان کردووە بۆ 5.9 ترلیۆن دینار، هەڵاوسانی مانگانەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە رێژەی 0.7% خێراتر بووە، هاوکات بازاڕی دارایی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا 7.7%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.


PM:12:09:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت