ترەمپ رێگری لە هێرشێکی گەورەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی پێدێت و دوای ئەوەش نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، هاوکات راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ رێگری لە پلانێکی ئیسرائیل کردووە بۆ وەشاندنی گورزێکی بەرفراوان لە تاران.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" کە پشتی بە سێ سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەکاری تەواوی کردبوو بۆ ئەوەی لە رۆژی 10ی ئەم مانگەدا هێرشێکی بەرفراوان کە چەند رۆژ بخایەنێت بکاتە سەر ئێران، بە ئامانجی لێدان لە وێستگەکانی کارەبا، وزە، بنکە ئەتۆمییەکان و پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ی تشرینی دووەم، رەتیکردووەتەوە جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە هەڵگیرسێت و بەو هۆیەوە پلانەکەی ئیسرائیل پەکخراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنتۆن دەیەوێت کارتی هەڕەشەی سەربازی بەکاربهێنێت تاوەکو ئێران ناچار بکات لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و کێشەکانی گەرووی هورمز سازش بکات و بێتە پای رێککەوتن، بە جۆرێک دۆخەکە بەردەوام لە نێوان بژاردەی "رێککەوتن یان هێرش"دا دەبێت.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە توانای سەربازی و ئابووری ئێران زۆر پاشەکشەی کردووە، هەروەها دووپاتیکردەوە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هیچ هێرشێک ئەنجام نادرێت.
هاوکات لە کاتی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، دۆناڵد ترەمپ وتی: "ئێرانییەکان دەیانەوێت ململانێکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی سێشەممەی داهاتوو 3ی تشرینی دووەم درێژە بکێشێت، بەڵام جەنگەکە بە هەر شێوازێک بێت کۆتایی دێت". سەرۆکی ئەمریکا بەرگری لە خەرجییەکانی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە کرد و بە سنوورداری وەسفکرد لە بەرامبەر بێبەشکردنی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ پێشبینیشی کرد کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی دۆخەکە، نرخی نەوت دابەزینێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان ئاشکرا نەکرد و روونی نەکردەوە کە ئاخۆ ئەم کۆتاییهاتنە بە رێککەوتنی دیپلۆماسی دەبێت یان لە رێگەی یەکلاکردنەوەی سەربازییەوە. هاوکات جووڵەی داهاتووی بازاڕی نەوتیش پەیوەستە بە فاکتەرەکانی سەقامگیری هەناردەکردن، ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان و قەبارەی خواستی جیهانی، نەک تەنها وەستانی شەڕ.
سەرەڕای راگرتنی هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل باری ئامادەباشی تەواوی راگەیاندووە و پشووی سەربازەکانی تا رۆژی 27ی ئەم مانگە هەڵوەشاندووەتەوە کە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتە ترسیان هەیە هەڵگیرسانی جەنگ لەم ساتەدا شوێندانەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیان دروست بکات.
AM:08:43:21/10/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت