دوای دەنگۆی کەوتنە کۆما و مردنی؛ کیم جۆنگ ئون لە پێشانگایەکدا دەرکەوتەوە

‌

وێستگەنیوز-

میدیای فەرمیی کۆریای باکوور کۆتایی بە دەنگۆی لەناکاوی مردنی کیم جۆنگ ئون هێنا و وێنەی نوێی ناوبراوی لە کاتی بەشداریکردنی لە پێشانگایەکی ناوخۆییدا بڵاوکردەوە.


ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) وێنەی سەردانێکی کیم جۆنگ ئونی لە رێکەوتی 19ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکردەوە، کە تێیدا لەگەڵ ری سۆل جو-ی هاوسەری و کیم جو ئای-ی کچیدا سەردانی پێشانگایەکی جلوبەرگ و پێڵاوی لە پیۆنگ یانگی پایتەخت کردووە، ئەم دەرکەوتنە راستەوخۆ دەنگۆی تێکچوونی باری تەندروستی یان مەرگی رێبەری کۆریای باکووری رەتکردەوە.

پێش بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە، لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا شەپۆلێک لە دەنگۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و بەشێک لە رۆژنامەکاندا بڵاوبووەوە، کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کیم تووشی خوێنبەربوونی توندی مێشک بووە و دوای کەوتنیە کۆماوە رەوانەی نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکیی پەکین کراوە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

لە درێژەی دەنگۆکاندا، بانگەشەی ئەوەش کرابوو گوایە چین 9 هەزار سەربازی رەوانەی پیۆنگ یانگ کردووە بۆ زامنکردنی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کچەکەی (کیم جو ئای) یان خوشکەکەی (کیم یۆ جۆنگ)، بەڵام میدیا نێودەوڵەتییەکان لەوانە "جیۆ نیوز" ئاماژەیان بەوە کردووە کە نە پەکین و نە پیۆنگ یانگ هیچ دۆخێکی لەناکاویان رانەگەیاندووە و هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ لەسەر جموجۆڵی سەربازی یان گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بوونی نەبووە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی کیم، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی کۆریای باشوور (NIS) لە 30ی ئەیلوول بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو کە کێشی کیم جۆنگ ئون نزیکەی 140 کیلۆگرامە و باڵای نزیکەی 170 سانتیمەترە، بەهۆی قەڵەویی زۆر و جگەرەکێشانەوە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنی لەسەرە، بەڵام لەو کاتەدا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکی مەترسیداری تێدا بەدینەکراوە.
ئەمە یەکەم جار نییە پێشبینی لەم شێوەیە لەبارەی تەندروستیی کیم جۆنگ ئون دەکرێت؛ لە ساڵی 2020یشدا بەهەمان شێوە دەنگۆی مردن و کەوتنە کۆمای ئەو بڵاوکرایەوە، بەڵام دوای سێ هەفتە دیارنەمان بە تەندروستییەکی باشەوە لە شوێنە گشتییەکاندا دەرکەوتەوە.

کیم جۆنگ ئون لە دوای کۆچی دوایی کیم جۆنگ ئیل-ی باوکی لە ساڵی 2011ەوە دەسەڵاتی کۆریای باکووری گرتووەتە دەست، لە ئێستاشدا بەهۆی دەرکەوتنی بەردەوامی کچەکەی (کیم جو ئای) کە یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2022 دەرکەوت و لە ساڵی 2025 یاوەریی باوکی بوو بۆ چین، بەشێک لە چاودێران پێشبینی دەکەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە داهاتوودا ئامادە بکرێت.


AM:10:13:20/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت