ترەمپ: دەتوانین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دژی ئێران رابگرین بەڵام بە مەرج
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرایکرد کە وڵاتەکەی دەتوانێت لەم کاتەدا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بهێنێت و جەنگەکە جێبهێڵێت، بەڵام راگرتنی هێرشەکان بەستراوەتەوە بە مەرجی مسۆگەرکردنی ئەوەی کە تاران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
لە میانی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کانزاس، لە رێکەوتی 19ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ وێرانبوونی سوپا و سیستەمی بەرگریی ئێرانی راگەیاند و گوتی: "کەسێک گوتی دەتوانن هەر ئێستا جێی بهێڵن؛ راستە ئێمە دەتوانین هەر ئێستا جێی بهێڵین، بەو مەرجەی ئەوان چەکی ئەتۆمییان نەبێت".
سەبارەت بە زیانە سەربازییەکانی تاران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانییان بۆ ئێران نەهێشتووەتەوە و تەواوی رادار و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە 229 فڕۆکەی جەنگیی ئێران بە تەواوی باندەکانی فڕیندا بڵاوبوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کورتهێنانی سەرکردایەتی لەنێو ئێراندا کرد و روونیکردەوە کە نازانێت دەبێت لەگەڵ کێدا دانوستان بکات، چونکە بە وتەی ئەو: "سەرکردەکانی ئاستی یەکەم و دووەم نەماون و کوژراون، نیوەی سەرکردەکانی ئاستی سێیەمیش لەناوچوون".
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو سەرکردە ئێرانییانەی تا ئێستا لە ژیاندا ماونەتەوە، پەیامیان ناردووە و داوای راگرتنی هێرشەکانیان کردووە، بەڵام داوای گرەنتی و دڵنیاییان کردووە کە نەکوژرێن هاوشێوەی ئەو بەرپرسانەی پێشتر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کراونەتە ئامانج. لەو چوارچێوەیەشدا باسی لەوە کرد کە ئەمریکییەکان بە درێژایی ساڵان بە بۆمبی چێنراوی سەر رێگا کوژراون، ئاماژەی بە کوژرانی قاسم سولەیمانی کرد لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر رەوشی ناوخۆیی ئێران و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، رایگەیاند کە تاران لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا بە لایەنی کەمەوە 75 هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە، ئەوەشی بە هۆکاری کەمبوونەوەی خۆپیشاندانەکان ناوبرد بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییان بە چەکی رەشاش لە کۆتایی شەقامەکان رووبەڕووی پەلامار دەبنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە لەسێدارەدانی ساڵح محەمەدی، زۆرانبازی ناوداری ئێران کرد کە وەک پاڵەوانێکی جیهان وەسفی کرد و باسی لەوە کرد کە ناوبراو بە بەرزکەرەوە (کرێن) هەڵواسراوە.
جێی ئاماژەیە، محەمەدی لە مانگی ئازاردا لەگەڵ هەریەک لە مەهدی قاسمی و سەعید داوودی لەسێدارەدرابوون، دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی 2 ئەفسەری پۆلیس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا.
AM:08:32:20/10/2026
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت