تاران پێشنیازی کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 6 رۆژدا دەخاتە بەردەم واشنتۆن
وێستگەنیوز-
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە پێشنیازی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 6 رۆژدا هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆکان ماوەتەوە، بە مەرجێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داواکارییەکانی تاران پەسەند بکات.
عەراقچی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پێشنیازە دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە لە ماوەی 6 رۆژ دوای رازیبوونی ئەمریکا بە مەرجەکانی ئێران، گەرووی هورمز بە تەواوی بکرێتەوە، بە جۆرێک کە لە رۆژی 7ەمدا دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەستپێبکاتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە، هاوکات وڵاتەکەی ئەم پرسە وەک کارتێکی فشار لە دانوستانەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەکاردەهێنێت، بێ ئەوەی وردەکاریی مەرجەکان یاخود هەڵوێستی فەرمیی واشنتۆن لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە دوای سەرهەڵدانی پێکدادانی سەربازی دێت لە 28ی مانگی شوباتی رابردوودا لە نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، کە بەهۆیەوە هەڕەشە بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان دروستبوو و ئاستەنگی گەورە لەبەردەم جموجۆڵی دەریاییدا هاتە کایەوە، ئەمەش نیگەرانیی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی لەبارەی پاراستنی ئاسایشی وزە و بازرگانیی جیهانی لێکەوتووەتەوە.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە هەستیارترین و ستراتیژیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت کە رۆژانە نزیکەی 20%ی نەوتی بەکارهێنراوی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. لە کاتێکدا ئێران لە قەیرانەکاندا هەمیشە هەڕەشەی داخستنی ئەم دەروازەیەی کردووە، هێزەکانی کەشتیگەلی 5ەمی دەریایی ئەمریکاش بەردەوام لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشیدان بۆ دابینکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ئاسایشی رێڕەوەکە.
PM:01:53:18/10/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت