سعوودیە تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکی سەربازی و گیانلەدەستدانی دوو فڕۆکەوانی راگەیاند
تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانێتی عەرەبی
وێستگەنیوز-
هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی لە سنوورەکانی باشووری ئەو وڵاتە و گیانلەدەستدانی دوو ئەفسەری فڕۆکەوانی راگەیاند.
لیوا روکن تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانێتی عەرەبی ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەری چاودێری و هێرشبەر لە جۆری (بۆینگ AH-6i) سەر بە وەزارەتی پاسەوانی نیشتمانی، بەهۆی کێشەیەکی هونەری و تەکنیکییەوە لە ناو خاکی وڵاتەکەی لە ناوچەی نەجران کەوتووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە هەردوو ئەفسەری فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستداوە، هاوکات دەنگۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لەلایەن حووسییەکانەوە بە تەواوی رەتکردەوە.
لە بەرانبەردا عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن بانگەشەی ئەوەی کرد، کە هێزەکانیان بە چەکی گونجاو لە بەرانبەر سنووری نەجران هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی جۆری ئاپاچیی سەر بە سوپای سعوودیەیان خستووەتە خوارەوە، جیا لە خستنەخوارەوەی درۆنێکی سیخوڕی لە جۆری (کاریال) لە ئاسمانی پارێزگای حەجە، باسی لەوەش کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 53 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر سەنعا و چەند پارێزگایەکی دیکە ئەنجامداوە.
لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا، تورکی مالیکی لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس وەڵامی وتەبێژەکەی حووسییەکانی دایەوە و وتی: "بانگەشەی خستنەخوارەوەی دەکەن، بەم نزیکانە دێتە گۆڕەپانەکە، شێوەکەیت لەبیر بێت و لەبیری مەکە".
وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر ناوچەکانی ریاز، خەمیس موشەیت و ناوچەی رۆژهەڵات پووچەڵ کردووەتەوە، لەوانە تێکشکاندنی 2 مووشەک بەرەو خەمیس موشەیت و درۆنێک لە ئاسمانی ریاز، لەگەڵ وێرانکردنی 2 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالیستیی حووسییەکان لە پارێزگای سەعدە.
ئەم پێکدادانە سەربازییانە لە چوارچێوەی گرژییە بەردەوامەکانی چەند رۆژی رابردوودایە، کە تێیدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان دەکەن و حووسییەکانیش لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە ناوەندە فڕۆکەوانی و ئابوورییەکانی ناو خاکی سعوودیە دەکەنە ئامانج.
AM:09:24:18/10/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت