رۆژنامەنووسێکی تاران باسی دەستپێکردنی جەنگ لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەکات

‌

وێستگەنیوز-

لێدوانی رۆژنامەنووسێکی سەر بە دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران (سەداوسیما) سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی جەنگ لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا، دەنگدانەوەیەکی فراوانی دروستکردووە، لە کاتێکدا بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل لە ئامادەباشیدان و لە هەمان کاتیشدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە پێکدادان بەردەوامن.


بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، مورتەزا غەرەقی، پەیامنێری سەداوسیما لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە و دەستپێکردنی جەنگ لە ئارادایە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە رێگە بدات هێرش بکرێتە سەر "کێوی کلنگ" بەبێ ئەوەی ئێران وەڵام بداتەوە، بەڵام تاران ئەم داوایەی رەتکردووەتەوە. غەرەقی باسی لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و جەختی کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە خاکی وڵاتەکەیان.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم بۆچوونانە، تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی و پشتڕاستکراوە لەسەر دەستپێکردنی شەڕ لە 24 کاتژمێری داهاتوودا لەلایەن هیچ کام لە لایەنە فەرمییەکانەوە دەرنەچووە، هەر بۆیە چاودێران جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ئەم لێدوانە تەنها وەک بۆچوون و پێشبینییەکی کەسیی میدیایی سەیر بکرێت نەک وەک بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی سەربازی.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم لێدوانانە، دۆخی ئامادەباشیی سەربازی لە ئیسرائیل هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی "کان"ی ئیسرائیلی، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە سەربازییەکان و ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران، هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.

لە پاڵ دۆخە ئەمنییەکەدا، کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە تەواوی دانەخراون؛ ماڵپەڕی هەواڵیی "ئاکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی و نێوەندگیرە قەتەرییەکان چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن بۆ پێشنیازێکی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ. بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە داوە کە پێشنیازەکە لە تاران لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ناوچەیی باسی لەوە کردووە کە نێوەندگیرەکان هۆشدارییان داوەتە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و داوایان لێکردووە وەڵامی تاران بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دوانەخرێت، چونکە هیچ گەرەنتییەک لە ئارادا نییە کە ترەمپ دوای پرۆسەی هەڵبژاردن سیاسەتێکی نەرمتر پێڕەو بکات، بەڵکو پێدەچێت هەڵوێستی هێرشبەرانەتریش بگرێتەبەر.


AM:10:47:17/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت