ترەمپ: گرژییەکان لەگەڵ ئێران جەنگ نین و دەبێت سعودیەش هاوکارییەکانی ئیسرائیل پەسەند بکات
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانەکانیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ تاران، هەڕەشەی توندی ئاراستەی ئێران کرد و گرنگیی پێکدادانە سەربازییەکانی بەراورد بە باڵادەستیی واشنتۆن بە کەم نرخاند، بە جۆرێک جەختی کردەوە رووبەڕووبوونەوەی ئێستایان ناچێتە خانەی شەڕێکی تەواوەوە، بەڵکو هاوشێوەی "مەشقی سەربازی" و تاقیکردنەوەی هێزە.
سەبارەت بە ئەگەری دانوستان و گفتوگۆش لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، ترەمپ بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوە کرد: "کەمێک زیادەڕەویم کرد، هەموو سەرکردەکانیانم لەناوبرد و لە ئێستادا کەس نەماوەتەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بکەم." هاوکات باڵادەستیی ئێرانی بەسەر گەرووی هورمزدا رەتکردەوە و راشیگەیاند، ئێران خاوەنی ئەو رێڕەوە نییە و وتی: "ئەگەر ناوی بنێین (گەرووی ترەمپ)، وڵاتانی عەرەبی چ هەستێکیان دەبێت؟ ئێمە بە ئاسانی دەتوانین ئەو کارە بکەین."
لە تەوەرێکی دیکەی وتەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و رایگەیاند، پێویستە سعودیە ئەو یارمەتییانە قبووڵ بکات کە ئیسرائیل پێشکەشی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەلئەبیب لە رابردووشدا هاوکاریی زۆر گەورەی پێشکەش بە ریاز کردووە.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، کە سعودیە بە بوونی پشتگیرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر دڵخۆشە، هاوکات ئاشکرای کرد کە رێککەوتننامەکانی ئیبراهیم دووبارە خراونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و وەک یەکێک لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی خۆی ناوی هێنا.
AM:08:54:17/10/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت