ترەمپ لەبارەی ئێران، حو*سییە*کان و شەڕی ئۆکرانیا چەند پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە چەند لێدوانێک و لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا ئاشکرا کرد.
لەبارەی دۆخی یەمەن و پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە، ترەمپ رایگەیاند کە پەیوەندی بە جێنشینی سعوودیەوە کردووە و جەختی کردەوە حو*سییە*کان "زۆر بە خراپی رەفتار دەکەن و ئەوەش قبووڵکراو نییە"، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنە نیوەییەکانی وڵاتەکەی هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکانی بەرانبەر بە ئێران نییە و باسی لەوەش کرد کە شەڕ لەگەڵ ئێران بەمزووانە کۆتایی دێت و بەو هۆیەوە نرخی بەنزین دادەبەزێت.
هەر پەیوەست بە دۆسیەی ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە باس لە هاوکاریی چین و رووسیا بۆ تاران دەکەن و روونیکردەوە، ئەگەر هاوکارییەکی لەو شێوەیەش هەبێت زۆر کەم دەبێت، بەڵام بڕوای بە بوونی هاوکاری نییە، چونکە ئەو دوو وڵاتە نایانەوێت زیان بە بەرژەوەندییەکانیان بگات و لە ئەگەری هەر هەنگاوێکیشدا ئەمەریکا بە خێرایی پێی دەزانێت. پێشتریش ترەمپ لە نیسانی رابردوو ئاماژەی بەوە کردبوو کە پەکین رازی بووە چەک بە تاران نەدات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا لەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا داوای دۆزینەوەی چارەسەری کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوولا پێشێلکارییان بەرانبەر ئاگربەست ئەنجامداوە. ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا زیاتر لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەی گەیشتنە بە رێککەوتن، و وتی: "رووسیا و ئۆکرانیا دەیانەوێت رێککەوتن بکەن بەڵام نازانن چۆن، دەبێت زێلێنسکیش قایل بکەین بە ئەنجامدانی رێککەوتن و سەرنجی لەسەر ئەم پرسە بێت نەک بابەتی دیکە". هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر بۆردومانی دامەزراوەکانی وزە، هیچ ئامادەییەکی بۆ رەخنەگرتن لە مۆسکۆ پێشان نەدا و رایگەیاند بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات بەهۆی ئەوەی پێشێلکاری لە هەردوولاوە روویداوە.
لە بەرانبەردا، رۆژی دووشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە واشنتۆن کرد دڵنیایی بدات لە پابەندبوونی رووسیا بەو ئاگربەستەی ترەمپ بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە رایگەیاندووە. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کردبوو کە راگەیاندنی لەناکاوی رێککەوتنەکە لەلایەن ترەمپەوە لە رۆژی یەکشەممە جێگەی سەرسوڕمانی کیێڤ بووە بەهۆی نەبوونی زانیاریی پێشوەختە، هەروەها رووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی دەستبەجێ دوای ئەو پەیامە، بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی کارەبا لە خارکیڤ و زیانی پێگەیاندووە.
AM:08:39:13/10/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت