سعوودیە 136 پێگەی حووسییەکانی وێرانکرد
وێستگەنیوز-
تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە و ئامانجی سەرەکیی ئەو هەنگاوە، لەناوبردنی ئەندامان و تواناکانی حووسییەکانە. هێزەکانی سعوودیە 136 پێگەی سەربازییان لەو ناوچانە وێرانکردووە کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانن.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی سعوودیە کار بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی تۆڕی مووشەکە بالیستییەکانی حووسییەکان دەکەن و هێزەکانی هاوپەیمانان بە درێژایی 24 کاتژمێر پشتیوانیی ئاسمانی بۆ یەکەکانی سوپای یەمەن دابین دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن، دیمەنەکانی پاککردنەوەی بابولمەندەبی لەلایەن هێزەکانی یەمەن لە حووسییەکان و هەڵاتنی بەکۆمەڵی ئەو گرووپەی لە رێگەی دەریاوە راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە هێزەکانی یەمەن بە هێزی پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان پێشڕەویی دەکەن و پێگە بەرگرییەکانی حووسییەکان لەژێر هێرشدا لەناوبراون.
رۆژی هەینی 9 ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد جەبار، باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ عەرەب و یەمەنییەکان و گەرووی بابولمەندەب لە پاشماوە سەربازییەکانی حووسییەکان پاککراوە.
هاوکات سەرچاوە سەربازی و ناوخۆییەکانی یەمەن راگەیاندووە، لە دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب، شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی عەمالیقەی باشوور و حووسییەکاندا هەڵگیرساوە و هێزەکانی عەمالیقە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویانە پێشڕەوی مەیدانی بەدەستبهێنن، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا نەکراون.
AM:09:18:10/10/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت