ئەردۆغان: غەززە کراوەتە گەورەترین ئۆردوگای زۆرەملێ لە جیهاندا
وێستگەنیوز-
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا لە میانی بەشداریکردنی لە "لوتکەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری" رەخنەی توندی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کردەوەکانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، غەززە لەلایەن تۆڕێکی کۆمەڵکوژی لەخۆبایی، توندڕەو و تێرنەبوو لە خوێنڕشتنەوە کە خۆی لە سەرووی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنێت، گۆڕدراوە بۆ گەورەترین ئۆردوگای زۆرەملێ لە جیهاندا.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەت ئاسایشی دراوسێکانی وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر خۆی دەبینێت و وتی: "بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاو بداتەوە و میکانیزمەکانی دادوەری و سزاکانیش جێبەجێ ناکرێن، لە سیستەمێکیشدا کە یەکسانی لەبەردەم یاسادا فەرامۆش بکرێت دادپەروەری بوونی نییە".
سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە رەوشی ئاگربەست کرد و روونیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو بە هاوکاریی وڵاتەکەیان ئاگربەستێک راگەیەندرا و لایەنی فەلەستینی پێوەی پابەند بوو، بەڵام بە هەزاران جار لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە پێشێل کراوە. ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە، بەهۆی هێرشەکانەوە 1,500 فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 5,000 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بۆ ماوەی 3 ساڵی تەواوە لە پێش چاوی جیهانەوە خەڵکی مەدەنی لە غەززە بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن، هەروەها لە کەناری رۆژئاوا چالاکییە نایاساییەکانی نیشتەجێکردن و تاوانی رێکخراو لەلایەن دەوڵەت و گرووپە دەمارگیرەکانەوە بەردەوامە و هەڵدەکوتنە سەر شوێنە پیرۆزەکانی قودس و پێگەی مێژووییان پێشێل دەکەن.
سەبارەت بە قەیرانە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش، سەرۆک کۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر کێشە پێکهاتەییەکانی سیستەمی جیهانی و وتی: "داخرانی گەرووی هورمز، کە 35%ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، چەندین مانگە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاش چوار ساڵ و نیوی تێپەڕاندووە و مانگانە هەزاران گیان لەدەستدەدرێن، سەرەڕای ئەوەی لە لوبنان، یەمەن، سۆماڵ و سوودانیش روودەدات".
PM:12:28:09/10/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت