ئەکسیۆس: لێدانی ئێران لەسەر مێزی ترەمپە؛ ئەمریکا ئامادەکاریی سەربازیی تەواو کردووە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانی بە فەرماندەیی ناوەندیی وڵاتەکەی کردووە، ئامادەکارییە سەربازییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان لە ئێران تەواو بکات، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس کە پشتی بە بەرپرسانی ئەمریکا بەستووە، ئەو راسپاردانەی دراون هیچ وادەیەکی دیاریکراویان بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان لەخۆنەگرتووە، هاوکات سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەگەری هەیە ئەم هەنگاوە سەربازییە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا بێت، یان پێدەچێت بە 1 هەفتە بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت.
لە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، چاوەڕوان دەکرێت هێرشی ئاسمانیی چڕ بکرێتە سەر کەرتی وزە، ژێرخانی ئابووری و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵگیرسانی جەنگ لە ماوەی 3 بۆ 4 هەفتەی داهاتوودا، دەکرێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەبێت بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئەرکی ئەوان تەنها گەڵاڵەکردن و خستنەڕووی بژاردە سەربازییەکانە بۆ سەرۆک، هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە کە لە هەر ساتێکدا بێت سەرجەم بژاردەکان لەبەردەستی ترەمپدان و روونیکردووەتەوە: "ئەمریکا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داتەپینی ئابووریی تاران، پێگەیەکی بەهێزی هەیە، ئێران تووشی زیانی گەورە بووە و دۆخەکە بە یەکێک لە دوو رێڕەوەکەدا دەڕوات، یان رێڕەوی ئاسان یان سەخت، لە کاتێکدا ترەمپ سەرجەم کارتەکانی بەدەستەوەیە و باشترین بڕیار بۆ ئابووریی ئەمریکا دەدات."
پەیوەست بەم پرسە، گۆڤاری ئەتلانتیک لە رۆژانی رابردوودا ئاشکرای کردبوو، ترەمپ بیر لە لێدانی ئێران دەکاتەوە بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی خول، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە نەبینیوە، چونکە نێوەندگیرەکانی قەتەر چاوەڕوانی وەڵامی تاران دەکەن بۆ پێشنیازێکی ئەمریکا کە داوای دەستبەرداربوون لە بەشێک لە داواکارییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، باسوبخواس لەسەر ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئێران گەرم بووە، بەڵام ئەگەری روودانی پێش پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر نییە هەرچەندە بەدووریش نازانرێت، بەڵام ئەو ئەگەرە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە زیادبوون دەکات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
AM:08:28:08/10/2026
ئهم بابهته 640
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت